فەرماندەیەکی باڵای سوپای عێراق بۆ پەنجەرە: جوڵەی داعش هێندە زۆرە جێی گومانە

٦ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٠٤ پاش نیوەڕۆ

فەرماندەیەکی باڵای سوپای عێراق بۆ پەنجەرە: جوڵەی داعش هێندە زۆرە جێی گومانە

پەنجەرە

فەرماندەیەکی باڵای سوپای عێراق دەڵێت، جموجۆڵی داعش لە پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە و ناوچە سونەنیشینەکان بەتەواوەتی زیادیکردووە، جموجۆڵەکانیان هێندە فراوانە بەئاسانی هەستی پێدەکرێت.

فەرماندە باڵا سەربازییەکەی عێراق کەنەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: داعش تەنها جموجۆڵی نییە، بەڵکو سەرقاڵی خۆرێکخستنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانیەتی.

جموجۆڵی داعش لە عێراق لەکاتێکدایە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق ناوچە سنورییەکانی سوریایان کۆنترۆڵکردووە بۆ رێگرتن لەپەڕینەوەی داعش لەو وڵاتەوە بۆ عێراق.

فەرماندە سەربازییەکە دەڵێت: جموجۆڵی داعش پەیوەندی نییە بە پەڕینەوەی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق، بەڵکو دۆخەکە هاندەریانە و شانە نوستووەکان پەیوەندییان پێوە کردوونەتەوە.

جموجۆڵی داعش هاوکاتە لەگەڵ ترسی گەورەی لایەنە شیعەکان بۆ هەبوونی پلانێکی گەورە لەدژیان، بۆیە چاودێری جموجۆڵی لایەنە سونەکان دەکەن و پێیانوایە هاندەری دەرەکی هەیە بۆ جوڵاندنیان.

سەرۆکی ئەمەریکاش بەهێزبوونەوەی داعش ناشارێتەوە، لەکاتێکدا بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە وەکو بەشێک لە داعش لە سوپای نوێی سوریا دەڕوانن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ و ئەمڕۆ (5 و 6ی شوباتی 2026) لێدوانی جێی سەرنجی سەبارەت بە چالاکییەکانی ڕێکخراوی "داعش" دا، لێدوانەکانی لەسەر "بنیاتنانەوەی" ڕێکخراوەکە لە ماوەی نەبوونی لە دەسەڵاتدا چڕکردەوە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چڕوپڕ ئەنجام دەدات بۆ نەهێشتنی ئەو پاشماوەیانە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو