ئێران و ئەمریکا؛ بۆچی هەردوولا هێندەی یەک پێویستیان بە ئاشتییە؟
٦ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەمڕۆ، ٦ی شوباتی ٢٠٢٦، مێژووی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتۆن لە وێستگەیەکی جیاواز و هەستیاردایە. لە کاتێکدا دانوستانکارانی هەردوولا لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەتەوە بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەک بە مەبەستی ڕێگری لە پێکدادانی سەربازی، و باس لە بەردەوامی کۆبوونەوەکان دەکرێت لە رۆژانی ئایندەدا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەردەکەوێت: تێچووی جەنگ بۆ هەردوولا وێرانکەرە و ئاشتی و دانوستاند، ئەگەرچی "بە ناچاری" بێت، بووەتە تاکە بژاردەی سەرەکی. واشنتۆن بەدوای تەسلیمبوونی ئێرانەوەیە، لە کاتێکدا تاران لە نێوان چەقۆکانی سزای ئابووریدا، تەنها هەوڵی مانەوەی سیستەم دەدات.
ئەوەی دانوستانەکانی ئەمجارەی مەسقەت جیاواز دەکات، ئاستی باڵا و پێکهاتەی شاندەکانە کە گوزارشت لە جیددییەتی قۆناغەکە دەکەن: ئەمجارە تڕەمپ متمانەی بە کەسە نزیکەکانی خۆی بەخشیوە؛ شاندەکە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف (نێردەی تایبەتی تڕەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و جارێد کۆشنەر (زاوای تڕەمپ و ڕاوێژکاری باڵا) سەرکردایەتی دەکرێت. ئامادەبوونی کۆشنەر نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن دەیەوێت ڕێککەوتنەکە ڕەهەندێکی هەرێمی و ئابووریی بەهێزی هەبێت. هەروەها دەنگۆی ئامادەبوونی ئەدمیراڵ براد کووپەر (فەرماندەی سێنتکۆم) لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا، پەیامێکی سەربازییە بۆ تاران، دیارە ئەمریکا دەیەوێت راستەوخۆی پرسی ئاو و درۆن و موشەکەکان یەکلایی بکاتەوە، پێش قسەکردن لەسەر سزاکان.
بەڵام تاران بە تیمێکی بە ئەزموون و دیپلۆماتکار هاتووەتە مەیدان، کە لەلایەن عەباس عێراقچی (وەزیری دەرەوە) سەرکردایەتی دەکرێت. عێراقچی کە ئەندازیاری ڕێککەوتنە کۆنەکانە «رزگارکەری ئێران لە شەری ١٢ رۆژی ئیسرائیل»، لەلایەن مەجید تەخت ڕەوانچی (یاریدەدەری کاروباری سیاسی) و ئیسماعیل بەقایی (وتەبێژی وەزارەت) یاوەری دەکرێت. عێراقچی ڕایگەیاندووە کە بە "چاوێکی کراوە" و بەبێ لەبیرکردنی هێرشە سەربازییەکانی ساڵی ڕابردوو هاتوونەتە سەر مێزی دانوستان.
ئیدارەی تڕەمپ، هەرچەندە بە سیاسەتی "ئەوپەڕی فشار" دەستی پێکردووە، بەڵام چوارچێوەی جووڵەکانی لە ناو "ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ٢٠٢٥" جێگیر کردووە. لەم بەڵگەنامەیەدا، ئەمریکا بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چیتر ئەولەویەتی یەکەمی واشنتۆن نییە. ئەمریکا دەیەوێت سەرچاوە دارایی و سەربازییەکانی بۆ کێبڕکێ لەگەڵ چین و سەقامگیری ئۆکرانیا تەرخان بکات. بە راستیش ترسی گەورە ئەوەیە کە لە حاڵەتی دەستپێکردنی جەنگێکی درێژخایەن لەگەڵ ئێراندا ناوچەکە بە تەواوەتی بۆ چین و روسیا دەکرێتەوە و دواجار بە بەهێزیی و سودی ئەوان دەشکێتەوە. هەروەها، لە ستراتیژی نوێدا جەخت لەسەر ئاشتییەکی بەردەوام بۆ ئیسرائیل کراوەتەوە کە تێیدا هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران بە کەمترین تێچوو بێدەنگ بکرێن. واشنتۆن دەزانێت تێچووی جەنگێکی نوێ (بە بێ پشتیوانیی دارایی وڵاتانی عەرەبی/کە جەنگی پێشوو هاوکار بوون، بەڵام ئەمجارە لەگەڵ هێرشی سەر ئێراندا نین)، بودجەی ناوخۆیی ئەمریکا دادەتەکێنێت «ترەمپیش رقی لە زەرەری مادییە»، هەر بۆیە ئاشتییەکی سەپێنراو بە باشتر دەزانێت.
هەرچی ئێرانە، لە خراپترین دۆخی ئابووریی چەند دەیەی ڕابردوودایە. بە هەڵئاوسانێکی سەروو ٥٠٪ و داڕمانی تمەن، تاران لە ژێر گوشارێکی ناوخۆیی گەورەدایە. ئەم دانوستانە بۆ سەرکردایەتی ئێران، ئاشتی و لادانی سزاکان تەنها هەڵبژاردنێکی دیپلۆماسی نین، بەڵکو تاکە ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی تەواوەتی ژێرخان و گەڕانەوەی ملیارەها دۆلاری بلۆکەکراو لە وڵاتانی وەک کۆریای باشوور و یابان و عێراق.
چوار تەوەری سەرەکی کە پێش کۆبوونەوەکە بڵاوکرانەوە:
یەکەم، پرسی ئەتۆمی؛ ئەمریکا داوای "سفر پیتاندن” و ناردنە دەرەوەی تەواوی کۆگای ٤٠٠-٤٤٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی ٦٠٪ بۆ وڵاتێکی سێیەم. هەروەها پشکنینی "هەر شوێنێک و هەر کاتێک" لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتییەوە. لە بەرامبەردا، ئێران پیتاندن وەک "شکۆی نیشتمانی" دەبینێت و تەنها پێشنیاری چاودێرییەکی نێودەوڵەتی چڕتری کردووە بێ ئەوەی دەستبەرداری مافی پیتاندن بێت.
دووەم، سزاکان و دۆخی ئابووری؛ تاران داوای لادانی دەستبەجێی سزاکانی سەر کەرتی نەوت و بانک دەکات. بەڵام واشنتۆن پێداگرە کە تەنها دوای بینینی "کرداری ڕاستەقینە" (وەک ناردنە دەرەوەی یۆرانیۆمەکە) ئامادەیە قۆناغ بە قۆناغ دەست بکات بە سووککردنی سزاکان.
سێیەم، توانای سەربازی و درۆنەکان؛ ئەمریکا دەیەوێت سنوور بۆ مەودای مووشەکە بالیستیکییەکان دابنرێت «بە کورتی؛ نابێ توانای موشەکی ئێران بتوانێت بگاتە ئیسرائیل» و ناردنی درۆن بۆ ڕووسیا و گرووپە چەکدارەکان ڕابگیرێت. تاران ئەمە بە هێڵی سوور دەزانێت و دەڵێت مووشەک تاکە ئامرازی "بەرگری" و ڕێگریکردنە لە هێرشی ڕکابەرەکانی.
چوارەم، گەرەنتییەکان؛ بەهۆی ئەزموونی تاڵی ٢٠١٨، تاران داوای گەرەنتی یاسایی دەکات کە ئەمریکا جارێکی تر بە شێوەی تاکلایەنە لە ڕێککەوتنەکە نەکشێتەوە. ئیدارەی تڕەمپیش پێداگری دەکات کە تەنها "ڕێککەوتنێکی ئەرێنی" کە هەموو کێشەکان (ئەتۆمی، مووشەکی و ناوچەیی) چارەسەر بکات، دەبێتە تاکە گەرەنتی بۆ ڕێگری لە جەنگ.
پاش کۆبوونەوەکە، چەند سەرچاوەیەک لە مەسقەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە چوارچێوەیەک بە ناوی "کەم لە بەرامبەر کەم" خراوەتە ڕوو:
• داواکاری ئەمریکا: ڕاگرتنی دەستبەجێی پیتاندنی یۆرانیۆمی ٦٠٪ و تەسلیمکردنی کۆگاکانی ئێران بە وڵاتێکی سێیەم (ئەگەر زۆرە قەتەر یان عومان بێت). و پێشنیاری ئەمریکا، پێدانی "مۆڵەتی کاتی" بە کڕیارانی نەوتی ئێران (وەک چین و هیندستان) بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت ڕۆژانە تا ١.٥ ملیۆن بەرمیل بە شێوەیەکی یاسایی بفرۆشێت.
هەرچی کاردانەوەکانن، سەرچاوە نزیکەکان لە تاران باس لەوە دەکەن کە عەباس عێراقچی مەرجی ئەوەی داناوە کە دەبێت "هەموو" پارە بلۆکەکراوەکان لە عێراق و یابان و کۆریای باشوور ئازاد بکرێن، نەک تەنها بۆ کاڵای مرۆیی، بەڵکو بۆ گەشەپێدانی کەرتی وزەش. بەڵام دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لە تویتەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمجارە تڕەمپ دەیەوێت "تێگەشتنی گەورە" هەبێت، کە نەک تەنها ئەتۆمی، بەڵکو ئاسایشی دەریاوانی لە دەریای سوور و کێشەی حوسییەکانیش بگرێتەوە. هەروەها سەرچاوەکان دەڵێن شاندی ئەمریکا (بە سەرۆکایەتی ویتکۆف) جەختی کردووەتەوە کە بەبێ بڕینی هێڵی هاوکاریی سەربازیی ئێران بۆ ڕووسیا، هیچ تێگەشتنێکی درێژخایەن نایەتەدی. تاران ئەمەی بە "دەستوەردان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی" ناوبردووە، بەڵام ئامادەیی نیشانداوە باس لە "سنووردارکردنی هەناردە" بکات.
هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە "ئاشتییەکی سارد" زۆر باشترە لە "جەنگێکی گەرم". ئەمریکا دەیەوێت بە کەمترین تێچوو دۆسیەی ئێران لە بەرژەوەندی خۆی دابخات تا تەرکیزی بخاتە سەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیتری لە جیهاندا، و ئێرانیش دەیەوێت لە ڕێگەی سازشێکی دیپلۆماسییەوە، سیستمە سیاسی و ئابوورییەکەی لە داڕمان بپارێزێت.