پەرلەمان کۆ نابێتەوە؛ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە ئەنجام دەدات
٧ شوبات ٢٠٢٦ - ٦:٤٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پێشبینی دەکرا سبەینێ یەکشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ببێتەوە، بەڵام پێناچێت کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت، چوارچێوەی هەماهەنگیش لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیرانەوە کۆ دەبێتەوە،
هەرچەندە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبێت ٤٨ کاتژمێر پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوە پەرلەمانتاران ئاگادار بکرێنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بۆ پەرلەمانتاران نەنێردراوە سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سبەی.
بەپێی زانیارییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە، دوای ڤیتۆکەی ئەمەریکا لەسەر نوری مالیکی کاندیدی ئەو پۆستە.
هەرچەندە ژمارەی ئەو هێزە شیعانەی لەگەڵ پێدانی پۆستی سەرۆکوەزیراندا نین بە مالیکی بەهۆی ڤیتۆکەی ئەمەریکاوە زیادیکردووە، بەڵام هێشتا روون نییە لەم کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بڕیار لەبارەی گۆڕینی مالیکی دەدرێت یاخود نە.