گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی عێراق؛ سەرۆک دەبێتە جێگر و جێگر دەبێتە سەرۆک
٧ شوبات ٢٠٢٦ - ٦:٥٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە دیمەنێکدا کە لەیەک کاتدا گاڵتەجاریی و کارەساتی دۆخی سەندیکا پیشەییەکان پیشان دەدات، سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی عێراق بە جێگری سەرۆک و جێگری سەرۆکی سەندیکاکەش بە سەرۆکی نوێی سەندیکا هەڵبژێردران.
دوێنێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی عێراق بەڕێوەچوو کە تائێستاش دەرەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکەی یەکلا نەکراونەتەوە.
بەڵام ئەوەی یەکلایی بووەتەوە، پۆستی سەرۆک و جێگرەکانیین. بەشێوەیەک خالد جاسم بە سەرۆک و موئەیەد لامی و جەبار تەڕاد بە جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆک هەڵبژێردراون.
ئاڵوگۆڕ لەنێوان سێکوچکەکەدا
ئەوەی دیمەنەکە پێکەنیناوی دەکات، ئەوەیە کە سەرۆکی نوێی سەندیکا، بۆ ماوەی ٣ خولی پێشوو کە زیاتر لە ١٥ ساڵی خایاندووە، جێگری سەرۆک بووە.
هەرچی جێگری تازەشە، ٣ خول و نیو (١٨ ساڵ) سەرۆک بووە و ئێستا بووە بە جێگری یەکەم.
هاوکات جێگری دووەمی سەرۆک، پارێزگاری لەو پۆستەدا کردووە کە لە سێ خولی پێشووشدا هەیبووە.
ناساندنی سێکوچکەکە!
١. سەرۆکی نوێی سەندیکا: خالد جاسم.
ڕۆژنامەوانێکی وەرزشییە و سەرۆکی یەکێتی رۆژنامەوانانی وەرزشی عێراقی بوو.
لەساڵی ٢٠١١ بۆ یەکەمجار وەکو جێگری یەکەمی سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق هەڵبژێردرا. دوو خولی دواتریش بۆ هەمان پۆست هەڵبژێردرا، هەتا دوێنێ بوو بە سەرۆکی سەندیکاکە.
جێگری یەکەم- موئەیەد لامی:
دوای تیرۆرکردنی سەرۆکی سەندیکا شەهاب تەمیمی لە ساڵی ٢٠٠٨، بەشێوەیەکی کاتیی بوو بە سەرۆکی سەندیکاکە. دواتر لە ٢٠١١ بە فەرمی وەکو سەرۆک هەڵبژێردرایەوە و دوو خولی دواتریش هەر لەو پۆستەدا بەردەوام بوو.
بەوهۆیەی یاسای سەندیکا ڕێگەی بە مانەوەی لە پۆستی سەرۆکدا نەدەدا بۆ خولێکی دیکە، بۆیە دەستبەرداری پۆستەکەی بوو و ئەمجارە بوو بە جێگری یەکەم.
جێگری دووەم- جەبار تەڕاد:
هاوشێوەی دوو هاوڕێکەی تری، لە ٢٠١١ بە جێگری دووەم هەڵبژێردراوە هەتا هەڵبژاردنەکەی دوێنێ، کە لەوێشدا بەهەمانشێوە ئەو پۆستەی وەرگرتەوە.