ماگا؛ ئەو بزووتنەوە ئەمەریکییەی ئیسرائیلی تۆقاندووە
٧ شوبات ٢٠٢٦ - ٦:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
"Make America Great Again"
ئەمە ئەو دروشمە بوو کە دۆناڵد ترەمپ لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2016 دا بەرزیکردەوە و کورتکراوەی ئەم دروشمە "ماگا"یە، کە بە واتای "جارێکی تر ئەمەریکا مەزن دەکەینەوە" دێت.
ماگا لە دروشمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپەوە خەریکە دەبێتە بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەر، بەوپێیەی ترەمپ سەرکەوتووبوو لە راکێشانی توێژێکی گەورەی ناسیۆنالیستە ئەمەریکاییەکان بەلای ئەم دروشمەدا.
ترەمپ لەژێر چەتری ئەم دروشمەدا ئاماژەی بەوەکرد ئەمەریکا پێگە گەورەکەی لەدەستداوە، بەهۆی کۆنترۆڵ نەکردنی سنورەکان بەڕووی کۆچبەران و فرە کلتورییەوە.
هەرچەندە لایەنگرانی بزووتنەوەی ماگا بە رەگەزپەرستی تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام ئەوان ئەمە رەتدەکەنەوە، لەکاتێکدا نەیارانیان بە بڵاوکردنەوەی رق و کینە دژی کەمینەکان و هاندانی توندوتیژی تۆمەتباریان دەکەن.
لایەنگرانی ماگا بە تیۆری پیلانگێڕی تۆمەتبار دەکرێن، بەتایبەت پێیانوایە باراک ئۆباما هاوڵاتییەکی ئەمەریکی لەدایکبووی ئەمەریکا نییە، هەروەها جێ لەقکردنی هاوڵاتییە سپی پێستە ئەمەریکاییەکان لە پشت دۆسیەی کۆچبەرانەوەیە.
دوای شکستهێنانی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 لە بەرامبەر جۆ بایدن دا، لایەنگرانی بزووتنەوەی ماگا لە هەنگاوێکی بێ پێشینەدا هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کۆنگرس، دوای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنیان بە ساختەکاری ناوبرد، ئەمەش نەک بۆ ناوخۆی ئەمەریکا بەڵکو بۆ تەواوی دونیا بووە زەنگێکی مەترسیدار.
ئەوکات جۆ بایدن، لە ویلایەتی ئەریزۆناوە رایگەیاند: کۆمارییەکان پشتگیری لە بزووتنەوەی ماگا ناکەن، بەڵام بێدەنگن بەرامبەر رەفتارەکانیان.
تەنها لایەنگرانی ماگا سەرسام نین بە گوتارە پۆپۆلیستییەکانی ترەمپ، بەڵکو هەندێک لە نوخبەی لایەنگرانی کۆمارییەکانیش بەرگری لە بیرۆکە و دروشمەکانی دەکەن و بیرکەی ماگا پەسەند دەکەن.
ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا نییە کە دروشمی "جارێکی تر ئەمەریکا مەزن دەکەینەوە"ـی بەرز کردبێتەوە، بەڵکو لە ساڵی 1940ـەوە تا ساڵی 2008 چەندین سیناتۆر و سەرۆک هەڵگری ئەم دروشمە بوون، کە دواینیان کلینتۆن بوو لە ساڵی 2008.
ماگا و ئیسرائیل
نزیکەی دوو دەیەیە ناوەندی پاڵپشتی ئیسرائیل لە دیموکراتەکانەوە بۆ کۆمارییەکانی ئەمەریکا گۆڕاوە، بەمپێیە کۆمارییەکان زیاتر پاڵپشتی ئیسرائیل دەکەن وەک لە دیموکراتەکان، بەڵام ترەمپ و بزووتنەوەی ماگا خەریکە مەترسی بۆ سەر ئەم پاڵپشتییە دروست دەکەن.
ئامانجی ئیسرائیل و بزووتنەوەی ماگا لەوەدا پێچەوانە دەبنەوە، لایەنگرانی ماگا دەستوەردان لە ململانێ دەرەکییەکان کە پەیوەندییان بە ئەمەریکاوە نییە بەپێویست نازانن، ئەمە جگە لەوەی پێیانوایە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئیسرائیل بارگرانییان لەسەر دروست دەکات.
هەروەها راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە ئاماژە بە توندوتیژی ئیسرائیل بەرامبەر بەشێک لە مەسیحییەکان لە فەڵەستین دەکەن، بەشێک لەلایەنگرانی ماگای دژی ئیسرائیل وروژاندووە.
لەبەرامبەر دەستەواژەی "ماگا" کە ئاماژەیە بۆ مەزنکردنەوەی ئەمەریکا، لایەنگرانی ئیسرائیل دروشمی "میگا" بەرز دەکەنەوە کە بە واتای "جارێکی تر ئیسرائیل مەزن بکەنەوە" دێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قوڵی دابەشبوونەکە.
قوڵبوونەوەی دابەشبوونەکە بەو مانایە دێت لایەنگرانی ماگا مەسیحییەت و ئەمەریکا لەپێش هەموو شتێکەوە دەبینن، لەکاتێکدا جووەکان ئیسرائیل لەهەموو شتێک بەلایانەوە گرنگترە.
دژایەتی ماگا بۆ ئیسرائیل بە واتای دەستبەرداربوونی کۆمارییەکان لەو وڵاتە نایەت، بەوپێیەی کۆمارییەکان نایانەوێت هاوشێوەی دیموکراتەکان بنکە جەماوەرییەکەیان ڕای بەرامبەر ئیسرائیل بە ئاراستەی نەرێنی بگۆڕێت.
ئیسرائیل لەرێگەی جوڵاندنی لۆبییەکانی و خستنەگەڕی هەوڵەکانی کار بۆ رێگرتن لە دابەزینی پاڵپشتییەکانی لەناوخۆی ئەمەریکا دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترسێکی گەورەی هەیە لەوەی دەنگە دژەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات لەو وڵاتە.
بۆیە بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند: هەوڵدەدەن لە دە ساڵی داهاتوودا پشت بەخۆیان ببەستن نەک بە ئەمەریکا.
ئیسرائیل و دۆسیەی ئیپستین
لە جوڵاندنەوەی دۆسیەی ئیپستین دا پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژ دەکرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە بەم دواییانە پەیوەندی نێوان ئەو وڵاتە و ترەمپ بەشێوەک لە شێوەکان تەقەی تێکەوت.
ئیسرائیل لە ترەمپ توڕەیە و پێیوایە، ترەمپ لەژێر کاریگەری پارە و چەک فرۆشتن دا پشتی لە هاوپەیمانەکانی کردووە و زیاتر گوێ لە قەتەر و سعودیە و تورکیا دەگرێت.
لەکاتێکدا بەهێزبوونی حکومەتی ناوەندی سوریا دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلە، بەوپێیەی ئەو وڵاتە گیرۆدەی دەست حەماس بووە، کەچی دەوڵەتێکی هاوشێوەی حەماسی لەتەنیشت قوتکرایەوە، لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ لەهەنگاوێکی پێچەوانەدا پاڵپشتی سوریایەکی ناوەندی دەکات.
وروژاندنی دۆسیەی ئێپستین هاوکات بوو لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئیسرائیل لە ئیدارەی ترەمپ، هەر ئەمەش وایکرد لە وروژاندنی دۆسیەکەدا پەنجەی تۆمەت بۆ ئەو وڵاتە درێژ بکرێت.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، لە دۆسیەی ئیپستین دا ناوی دوو سەرۆکی ئەمەریکا بە زەقی هێنراوە کە ترەمپ و کلینتۆنن، هەردووکیان هەڵگری دروشمی "جارێکی تر ئەمەریکا مەزن دەکەینەوە"ـن.