پەنجەرە ناوەڕۆکەکەی بڵاودەکاتەوە؛ ئەمەریکا بە عەمار حەکیم دا پەیامێک بۆ لایەنە شیعەکان دەنێرێت

٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٠٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە ناوەڕۆکەکەی بڵاودەکاتەوە؛ ئەمەریکا بە عەمار حەکیم دا پەیامێک بۆ لایەنە شیعەکان دەنێرێت

پەنجەرە

پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا و لە سۆشیال میدیا کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رەتبکاتەوە، وەفدێکی ئەمەریکا بە عەمار حەکیم دا پەیامێکیان بۆ لایەنە شیعەکان ناردووە.

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی عێراقی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پێش ئەوەی ئەمەریکا بە فەرمی کاندیدکردنی مالیکی رەتبکاتەوە، وەفدێکی ئەمەریکی لەگەڵ عەمار حەکیم دانیشتووە و پەیامێکی بۆ لایەنە شیعەکان ناردووە.

سەرچاوەکە دەڵێت: وەفدەکە ئەمەریکییەکە بەزمانێکی دیپلۆماسی نەرم، لە رێگەی عەمار حەکیمەوە ئەو پەیامەی بۆ شیعەکان ناردووە کە عێراق و ئەمەریکا دوو وڵاتی دۆست و هاوڕێی یەکترین، بۆیە ئەوان پێیان باش نییە مالیکی کاندید بکرێتەوە و حەزدەکەن لەم قۆناغەدا روخسارێکی نوێ حوکمڕانی عێراق بکات.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، عەمار حەکیم پەیامی ئەمەریکای بە لایەنە شیعەکان گەیاندووە و خۆیشی لە پەیامەکە تێگەیشتووە، بۆیە لەگەڵ کاندیدکردنەوەی مالیکی نەبووە.

سەرچاوەکە وتی: نەرمی پەیامەکە لایەنە شیعەکانی بەهەڵەدا برد بۆیە مالیکییان کاندید کردەوە، لەکاتێکدا نەرمی پەیامەکە پەیوەندی بە دیپلۆماسییەت و دۆستایەتییەوە هەبوو، بەڵام ئەوان بەهەڵە لێی تێگەیشتن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو