لۆنا شبل؛ ئەو کچەی قاسم سولەیمانی و ماهر ئەسەد لێی بەگومان بوون

٩ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:١٧ پاش نیوەڕۆ

لۆنا شبل؛ ئەو کچەی قاسم سولەیمانی و ماهر ئەسەد لێی بەگومان بوون

پەنجەرە

بەم دواییانە میدیا عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان، چیرۆکی لونا شبل و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد، هەروەها وردەکارییەکانی "کوشتنی" لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٤، لەگەڵ دیارنەمانی براکەی و هاوسەرەکەی لە مانگی نیساندا بڵاو کردەوە.

 گیان لەدەستدانی شبل لە رووداوێکی هاتووچۆی تەمومژاویدا، دوای بۆردومانکردنی کونسوڵخانەی ئێران هات لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە، بۆیە میدیا پەردەی لەسەر دەقی گفتووگۆی نێوان قاسم سولەیمانی و عەلی مەملوک بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتیمانی سوریا لەبارەی شبلەوە هەڵماڵی .

لۆنا شبل دوای تەواوکردنی خوێندن، وەک بێژەری هەواڵ لە تەلەفزیۆنی سوریا کاری کردووە و دواتر لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٣ رۆیشتووەتە کەناڵی جەزیرە، لەساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ سامی کلیب هاوسەرگیری کردووە.

راپۆرتەکان جیاوازن لەبارەی سەرەتای یەکترناسینی لۆنا شبل و بەشەر ئەسەد، بەپێی هەندێک راپۆرت قەتەر بەیەکتری گەیاندوون، هەندێک راپۆرتی تر ئاماژە بەوەدەکەن شبل خۆی دەستپێشخەری کردووە و خۆی گەیاندووەتە ئەسەد.

لەساڵی ٢٠٠٨ پەیوەندی نێوان شبل و ئەسەد پەرەیسەند، بۆیە بەنهێنی سەردانی دیمەشقی کرد و پێکەوە کۆبوونەوە، دواتر  دەست لەکارکێشانەوەی لە جەزیرە راگەیاند و لەساڵی ٢٠١٢ وەکو راوێژکاری ئەسەد دەستبەکاربوو.

شبل سەرەتا لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی سوریا کاریکرد، بەڵام لەساڵی ٢٠١٢ چووە کۆشکی کۆماری و بووە بەرپرسی نوسینگەی راگەیاندن، لێرەوە هێندەی تر خۆی لەئەسەد نزیکتر کردەوە.

قاسم سولەیمانی و ماهر ئەسەد بەگومان بوون لە لۆنا شبل

ماهر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد، رێگەی بە لۆنا شبل نەدەدا بەشداری دانیشتنەکانی بکات تەنانەت دوای ئەوەی هاوسەرگیریشی لەگەڵ عەمار ساعاتی کرد لەساڵی ٢٠١٦،  لەکاتێکدا ساعاتی کەسایەتییەکی نزیکبوو لە ماهر.

ماهر ئەسەد هاوشێوەی قاسم سولەیمانی گومانی لە لۆنا شبل هەبووە، کە پێشتر سولەیمانی لەبارەی شبلەوە هۆشداری بە دەسەڵاتدارانی سوریا دابوو.

قاسم سولەیمانی لەبارەی لۆنا شبلەوە گفتووگۆی لەگەڵ عەلی مەملوک سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری سوریا لەسەردەمی ئەسەددا کردووە، ئەمە دەقی گفتووگۆکەیە:

سولەیمانی: ئەمە کێیە؟

مەملوک: ئەوە لۆنا شبلە و راوێژکاری سەرۆک کۆمارە.

سولەیمانی: دەزانم، دەزانم، بەڵام لەراستیدا کێیە و لەکوێ کاردەکات؟

مەملوک: لەکەناڵی جەزیرە بوو…

سولەیمانی: موچەکەی لەوێ چەندبوو؟
مەملوک: نازانم

سولەیمانی: لەوێ موچەکەی ١٠ هەزار دۆلار بوو، ئەی لێرە چەندە؟

مەملوک: نازانم

سولەیمانی: موچەکەی ٥٠٠ هەزار لیرەی سورییە، ئایا ئەو کچە دەستبەرداری ١٠ هەزار دۆلار بوو بۆ ٥٠٠ هەزار لیرەی سوری؟ ئەو کچتە سیخوڕە…

لۆنا شبل لەساڵی ٢٠٢٤ بەرووداوێکی هاتووچۆی تەمومژاوی کۆچی دواییکرد، بەشێک لەچاودێران پێیانوایە ناوبراو لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریای سەردەمی ئەسەدەوە بەپلان کوژراوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو