ئایا نوری مالیکی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکشێتەوە؟
٩ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانێتی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی دەڵێت، نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا نایەوێت لەکاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکشێتەوە.
سەرچاوەکە لە هاوپەیمانێتی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: مالیکی نایەوێت لە کاندیدبوون بکشێتەوە، لایەنە شیعەکانیش ناتوانن فشاری لێبکەن بۆ ئەوەی بکشێتەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت: لەنێو شەقامی عێراقیدا رایەک دروستبووە لەسەر ئەوەی ناکرێت بە پۆستێکی ترەمپ کاندیدی سەرۆکوەزیران دوور بخرێتەوە، ئەمەش وایکردووە لایەنە شیعەکان فشاری کشانەوە لە مالیکی نەکەن.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، مالیکی هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەمەریکاییەکان رازی بکات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران، مانەوەی یاخود دوورخستنەوەی دەوەستێتەوە سەر ئەنجامی هەوڵەکانی.
سەرچاوەکە وتیشی: ئەگەر لایەنە شیعەکان فشار نەکەن و ناچاری نەکەن بە کشانەوە، مالیکی ناکشێتەوە تەنانەت ئەگەر ئەمەریکاش ناڕازی بێت.