"ئی پسوولە"؛ ئەو پرۆژەیەی پارتی و یەکێتی لەسەری ناکۆک بون جێبەجێ دەکرێت

١٠ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٠٩ پاش نیوەڕۆ

"ئی پسوولە"؛ ئەو پرۆژەیەی پارتی و یەکێتی لەسەری ناکۆک بون جێبەجێ دەکرێت

پەنجەرە

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، رێوڕەسمی راگەیاندنی پرۆژەی "ئی پسوولە E-Psule" بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا پێشتر تیمی پارتی و یەکێتی لەنێو حکومەتی هەرێم، لەسەر ئەو پرۆژەیە رایان جیاوازبوو.


ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی ئەلعەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی کوردستان و عێراق، رێوڕەسمی راگەیاندنی پرۆژەی ئی پسوولە E-Psule بەڕێوەدەچێت.

هەوڵەکانی پێشتری تیمی پارتی بۆ خستنەبواری جێبەجێکردنی پرۆژەی"ئی پسولە" یاخود "پسولەی ئەلیکترۆنی" لە ناوچەکانی سلێمانی، لەلایەن تیمی یەکێتییەوە بە گومانەوە لێی دەڕوانرا.

"ئی پسولە" یان"پسولەی ئەلیکترۆنی"، پرۆژەیەکی نوێی ئەلیکترۆنییە و بازرگان و هاوڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە باج بە حکومەت بدەن، بەڵام پارەکانیان ڕاستەوخۆ دەچێتە نێو هەژماری وەزارەتی داراییەوە.

ئەوەی وایکرد تیمی یەکێتی گومانی لە پرۆژەکە هەبێت، ترسە لە نەگەڕانەوەی پارەکە بۆ سلێمانی، بەوپێیەی باج و رەسمەکان بە بەشێک لە داهاتی سلێمانی دادەنرێن و دەبێت بۆ ناوچەکە خەرج بکرێت.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوانەی نێو یەکێتی کە پێشتر پەنجەرە قسەی لەگەڵ کردوون، ئەوان لارییان نییە لە بە ئەلیکترۆنییکردنی ئیشوکارە داراییەکان و پێشتر پرۆژەکە خۆیان پێشکەشیان کردووە، بەڵام وەکخۆیان وتیان "دەبێت بەرچاوڕوونی پێشوەختیان پێبدرێت و ڕێککەوتن لەسەر پرۆژەکە ئەنجام بدرێت."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو