جوڵەی سونە و پلانی عەرەبی-تورکی؛ لایەنە شیعە و دەزگا ئەمنییەکانی عێراقی خستووەتە جوڵە
١٠ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:١٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دەزگا ئەمنییەکانی عێراق هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان بۆ ئەو کەسانە دەستپێکردووە، کە تۆمەتبارن بە لایەنگیرییکردنی حزبی بەعس، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ترسی لایەنە شیعەکان لە دۆخی عێراق و ناوچەکە.
بەپێی وتەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ١٣٥ کەسیان لەناوچە جیاجیاکانی عێراق دەستگیرکردووە، کە تۆمەتبارن بە لایەنگیرییکردن بۆ حزبی بەعس.
هەرچەندە حزبی بەعس پێکهاتەکەی هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام هێشتا پلەدارە سەربازییەکانی لەدەرەوەی وڵات چالاکن و لەنێو سونەشدا لایەنگیریان زۆرە، ئەمە جگە لەوەی رەغد سەدام حسێن وەکو نوێنەری ئەو پارتە تەماشا دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بەچڕی چاودێریی سەرۆک عەشیرەت و سەرکردەکانی عەرەبی سونە دەکەن، بەگومانن لە هەبوونی پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و تورکیا.
زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوەدەکەن، هەندێک راپۆرتی هەواڵگیری بە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق گەیشتووە، گوایە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ جوڵاندنی عەرەبی سونە دژی دەسەڵاتی شیعە تەرخانکراوە.
لایەنە شیعەکان ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و تورکیادا هەیە، بەتایبەت دوای رووخاندنی رژێمی ئەسەد و هێنانە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، بۆیە بەگومانەوە لەو وڵاتانە دەڕوانن.
بەڕای لایەنە شیعەکان، دۆخی نوێی سوریا و نزیکبوونەوەی دەسەڵاتی گروپە چەکدارە سورییەکان لەناوچە سونینشینەکانی عێراق، هاندەر دەبێت بۆ وروژاندنی سونەکان لە دژیان.
نەجات حسێن، سەرکردەی تورکمانی شیعە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: گروپە چەکدارە سورییەکان داعشن بە بەرگی نوێوە.
ئەگەر ئیسرائیل، ئێران و کورد خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش نەبن و نەیاربن، بەڵام ئەم سێ لایەنە گروپە چەکدارە سورییەکان بەمەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن و لەمەدا هاوڕان.
لەکاتێکدا ئێران و ئیسرائیل نیگەرانن لەبەهێزبوونی گروپە چەکدارە سورییەکان، بەڵام تورکیا و وڵاتانی کەنداو پاڵپشتی گروپەکان دەکەن و بە ئاشکرا لۆبییان بۆ دەکەن.
ئەوەی وایکردووە لایەنە شیعەکانی عێراق ترسیان لە دۆخەکە هەبێت و دەزگا ئەمنییەکانیش زیاتر لە جاران جوڵەیان هەبێت، هەبوونی گومانە لەپلانی تورکیا و وڵاتانی کەنداو.
هەفتەی رابردوو، دەنگۆی کۆبوونەوەی رەغد سەدام حسێن لەگەڵ ئەحمەد شەرع بووە باسی گەرمی میدیا، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک لەوبارەیەوە دەست لایەنە شیعەکان نەکەوتووە، بەڵام مەسەلەکەیان بەهەند وەرگرتووە.
هاوکات لەگەڵ جوڵەی گروپەکانی سوریا و ترسی لایەنە شیعەکان لە هاندانی عەرەبی سونە لەدژیان، گروپە چەکدارە شیعەکان لەرێگەی ناونوسکردنی خۆبەخشەوە ئامادەکاریی بۆ پێشهاتی نوێ دەکەن.
ناردنی هێز بۆ سنورەکان، هەڵمەتی دەستگیرکردنی لایەنگرانی بەعس و ناونوسکردنی چەکداری خۆبەخشی شیعە، ئاماژەن بۆ ترسی شیعەی عێراق لە هاندانی سونەی عێراق لەدژیان، بەڵام پێناچێت سونە لەدژیان بجوڵێت تا ئەوکاتەی ئێران هەژموونی لەسەر عێراق بمێنێت.
ئاماژەکان دەرخەری ئەوەن، لە ئەگەری هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، جوڵەی سونە لە دژی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق یەکێک دەبێت لەپێشهاتە چاوەڕوانکراوەکان.