بارزانی و تاڵەبانی لەقوڵایی دانوستاندا؛ ئایا گرێ کوێرەی پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەنەوە؟

١٠ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:١٦ پاش نیوەڕۆ

بارزانی و تاڵەبانی لەقوڵایی دانوستاندا؛ ئایا گرێ کوێرەی پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەنەوە؟

پەنجەرە 

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی جارێکی تر کۆببنەوە و گفتووگۆ لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و پۆستی سەرۆک کۆمار بکەن.


رێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار 

هەرچەندە فشاری دەرەکی لەسەر یەکێتی و پارتی دروستبووە و تاڕادەیەک نزیکبوونەوە لەنێوانیان روویداوە، بەڵام تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم رێککەوتنی یەکلاکەرەوەیان ئەنجام نەداوە.

کۆبوونەوەی سبەینێ چوارشەممەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی سیناریۆکان روونتر دەکاتەوە، بەوەی پارتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی دەبێت یاخود بە دوو کاندیدەوە دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنی نێو پەرلەمان.

لەئەگەری رێککەوتن و دەستبەرداربوونی پارتی لە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی، پێدەچێت نزار ئامێدی سەردانی بارزانی بکات و وەکو کاندیدی کورد وێنا بکرێت.

کشانەوەی فواد حسێن و ئەگەری دەستبەرداربوونی پارتی لە پۆستی سەرۆک کۆمار، بێ بەرامبەر نابێت و دەبێت یەکێتی لە مەسەلەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دا نەرمی بەرامبەر پارتی بنوێنێت.

ئەگەر کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی بەبێ ئەنجام کۆتایی بێت یاخود کۆبوونەوەکان درێژەیان پێنەدرێت، ئەوا ئەو دوو حزبە بە دوو کاندیدی جیاوە کبڕکێکە دەبەنە نێو پەرلەمانی عێراق.

لەکاتێکدا ئەگەر ئەو دوو حزبە رێکبکەون کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و لایەنە شیعەکانیشەوە داوای رێککەوتنیان لێدەکرێت، ئەوکات بەیەک کاندیدەوە دەچنە کۆبوونەوەی پەرلەمان و پۆستی سەرۆک کۆمار بە ئاسانی یەکلایی دەکەنەوە.


رێککەوتنی رانەگەیەنراو 

لەئەگەری رێککەوتنی بارزانی و تاڵەبانی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە رێککەوتنەکە بەفەرمی رانەگەیەنرێت بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە نەبێتە فشار لەسەر لایەنە شیعەکان، کە هێشتا کێشەی سەرۆک وەزیرانیان پێ یەکلایی نەکراوەتەوە.

هەرچەندە لە ئەگەری رێککەوتنیان لەسەر پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆک کۆمار، زانیاریی لەبارەی رێککەوتنی نێوانیان بۆ میدیاکان دزە دەکات یاخود خۆیان بەمەبەست زانیارییەکان دەدەنە میدیا.

لەحاڵەتی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و یەکلاییکردنەوەی کێشەی کاندیدی سەرۆکوەزیران لەلایەن هێزە شیعەکانەوە، ئەوکات گرێ کوێرەی کێشەکان دەکرێنەوە و ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان ئاشکرا دەکرێن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو