پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ لەگیرۆدەبوونی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە تا ململانێی نێوان مالیکی و سودانی
١١ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٠٥ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەو قەیرانە سیاسییەی بەهۆی کاندیدکردنی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و رەتکردنەوەی لەلایەن ئەمەریکاوە بەرۆکی لایەنە شیعەکانی گرتووە، عێراقی خستووەتە بەر چەند سیناریۆیەکی جیاواز.
سیناریۆی یەکەم
یەکێک لە سیناریۆکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران مانەوەی محەمەد شیاع سودانییە بۆ ماوەی ساڵێک لە پۆستەکەی، بەڵام هێشتا لایەنە شیعان بڕیاریان لەبارەیەوە نەداوە.
لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیدا گفتووگۆکراوە لەسەر ئەوەی سودانی بۆ ماوەی ساڵێکیتر لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، تا ئەوکاتەی هاوکێشە سیاسییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و دەرفەتی گۆڕانکاری لەبارتر دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، سودانی بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی بۆ ماوەی ساڵێک مەرجی هەبووە، مەرجەکەشی ئەوەبووە مومارەسەی تەواوی دەسەڵاتەکانی سەرۆکوەزیران بکات، نەک بەهۆی کار بەڕێکەری حکومەتەکەیەوە دەستی ببەسترێتەوە.
زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوەدەکەن، لایەنە شیعەکان بەڵێنی ئەوەیان نەداوە تەواوی دەسەڵاتەکان لەلایەن سودانییەوە بەکاربهێنرێت، بەڵام لارییان نەبووە لەوەی لە مەسەلەی بودجەدا دەسەڵاتی تەواوی هەبێت.
سیناریۆی دووەم
نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە کاندید کراوە، تا ئێستا پێداگیرە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران و بۆ کشانەوەش مەرجی هەیە.
بیرۆکەی ئەوە لەنێو لایەنە شیعەکاندا دروستبووە نوری مالیکی کابینەی حکومەت پێکبهێنێت، ئەمەش لەپێناو رزگارکردنی مالیکی لە شکان و گەیاندنی پەیامی گوێنەدان بە فشاری دەرەکی بەڵام دواتر ناوبراو دەست لەکاربکێشێتەوە.
هێشتا هەڵوێستی ئەمەریکا لەبارەی ئەم سیناریۆیەوە ڕوون نییە، بەتایبەت پێکهێنانی حکومەت لەلایەن مالیکییەوە پێچەوانەی خواستەکانی ئەمەریکایە، بۆیە دیار نییە ئەگەر ئەم سیناریۆیە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە هەڵوێستی ئەمەریکا چۆن دەبێت.
ئەگەر حکومەت لەلایەن مالیکییەوە پێکبهێنرێت بەمەرجی ئەوەی دواتر دەست لەکاربکێشێتەوە، بەدوور نازانرێت لە ئەگەری گۆڕانی هاوکێشەکان و رازیکردنی ئەمەریکادا، ناوبراو دەست لەکارکێشانەوە رەتبکاتەوە و بمێنێتەوە.
سیناریۆی سێیەم
پۆستی سەرۆکوەزیران تەنها چوارچێوەی هەماهەنگی دووچاری کێشە نەکردووە، بەڵکو ململانێی نێوان مالیکی و سودانیشی قوڵتر کردووەتەوە، بەوپێیەی ئەو دوو سەرکردەیە چاویان لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانە بۆ سێبەرەکانیان.
محەمەد شیاع سودانی بەپاساوی ئەوەی گۆڕەپانەکەی بۆ مالیکی بەجێهێشتووە، بۆیە لە ئەگەری کشانەوەی مالیکیدا داوای پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ خۆی یان هاوپەیمانێتییەکەی دەکات.
لەکاتێکدا مەرجی نوری مالیکی بۆ کشانەوە لە کاندیدێتی پۆستی سەرۆکوەزیران ئەوەیە، پۆستەکە بە کەسایەتییەکی نزیک لە خۆی یان بە کەسێک بدرێت کە ڕەزامەندی ئەوی لەسەر بێت.
بۆیە چارەنوسی پۆستی سەرۆکوەزیران لەمیانی کێشمەکێشی نێوان مالیکی و سودانیدا بە ناڕوونی دەمێنێتەوە، کە ڕەنگە دواجار بە رێککەوتن یاخود بڕیاری یەکلایی کەرەوەی لایەنە شیعەکان کێشەکە بەلایەکدا بخات.