چیرۆکی ئەو پیاوەی منداڵەکەی خۆی سەربڕی
١١ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٠٩ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەمڕۆ سێشەممە، لە گوندی تەلنەقاری ناحیەی جەبارەی پارێزگای دیالە منداڵێکی تەمەن 6 ساڵ لەلایەن باوکییەوە سەربڕدرا، دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە دانی بەوەدا نا کە خۆی منداڵەکەی سەربڕیووە.
پەنجەرە لە زاری سێ سەرچاوەوە ئەوەی بۆ پشتڕاستکرایەوە، باوکی منداڵەکە کەسێکی دەوڵەمەندە، خاوەنی دوو هاوسەرە و کێشەی خێزانی هەبووە، گومانیش دەکرێت پێشتر بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووبێت.
تۆمەتبارەکە کە پیاوێکی بەڕەگەز عەرەبە و ناوی (م، س) ـە، پێشتر باوکی خۆی کوشتووە و لەسەر ئەوە سزادراوە و لەساڵی ٢٠٠٢ لە پرۆسەی بەتاڵکردنی زیندانەکان ئازادکراوە، هەروەها چەند ساڵێک لەمەوبەر منداڵێکی تریشی لەکەشێکی تەمومژاویدا کوژراوە و ناسنامەی بکوژەکەی ئاشکرا نەبووە.
سەرچاوەکان بە پەنجەرەیان وت: ئەمڕۆ دوای ئەوەی بەچەقۆ منداڵە شەش ساڵییەکەی سەربڕیووە، باوکەکە بەپێ خاوسی گوندەکەی بەجێهێشتووە بەرەو ناحیەی قەرەتەپە، دواتر لەو ناحیەیە دەستگیرکراوە.
هاوکات پیاوەکە لە لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەداناوە کە تاوانەکەی بە مۆبایلەکەی تۆمارکردووە.