وردەکاری گفتووگۆی نێوان پارتی و یەکێتی 

١٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٤٢ پێش نیوەڕۆ

وردەکاری گفتووگۆی نێوان پارتی و یەکێتی 

پەنجەرە

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە، هیچ رێککەوتنێکی فەرمییان ئەنجام نەدا، بەڵام لێکتێگەیشتن لەنێوانیان دروستبووە و چاوەڕوان دەکرێت لێکتێگەیشتنەکە سەر بۆ رێککەوتن بکشێت.

پارتی نەرمی نواندووە لەسەر کشانەوەی فواد حسێن و پشتگیری کردنی نزار ئامێدی وەکو کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هەروەها گفتووگۆ لەسەر ئەوەشکراوە پارتی پۆستی وەزارەتی دەرەوە بەیەکێتی بدات لەبەرامبەردا سێ پۆستە وەزارییەکەی تری عێراق بدرێت بە پارتی.

هەرچەندە گفتووگۆ لەنێو لایەنە شیعەکان لە ئارادایە بۆ ئەوەی پۆستی وەزارەتی دەرەوە وەربگرنەوە، لەبەرامبەردا پۆستی وەزارەتی دارایی عێراق بە کورد بدەن و ئەمەش قۆناغێکی نوێی گفتووگۆی لەنێوان هەردوولا پێویستە.

پارتی رازی نەبووە بەیەک تیم گفتووگۆ لەگەڵ یەکێتی و نەوەی نوێ بکات بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بەشداری حکومەت بکات، بۆیە گفتووگۆکان چوارچێوەی نێوان دوو حزبییان وەرگرتووە.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، یەکێتی داوای پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی یەکێک لەو دوو پۆستە وەربگرێت، بەڵام تا ئێستا پارتی رەزامەندی لەسەر ئەمە دەرنەبڕیووە.

پارتی و یەکێتی تا ئەندازەیەک لەسەر پۆستەکانی عێراق گەیشتوون بە لێکتێگەیشتن، بەڵام هێشتا لەسەر پۆستەکانی حکومەتی هەرێم بە تەواوەتی رێکنەکەوتوون، ئەمەش وایکردووە گفتووگۆکان بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخرێن.

پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار فشار لە یەکێتی دەکات، ئەمەش بە ئامانجی وەرگرتنی پۆستەکە نە، بەڵکو بەو ئامانجەی یەکێتی ناچار بکات لەبەرامبەر بەشێک لە خواستەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم پاشەکشە بکات.

گفتووگۆی نێوان پارتی و یەکێتی قۆناغێکی زۆری بڕیووە، بەڵام لەبەر رێکنەکەوتنی لایەنە شیعەکان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەگەر رێکبکەون ڕاگەیاندنی دوادەخەن، بۆ ئەوەی فشار لەسەر لایەنە شیعەکان دروست نەبێت و ئەو لایەنانە دووچاری ئیحراجی نەکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو