پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەژێر چەتری وەزارەتی ناوخۆدا

١٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٥٥ پاش نیوەڕۆ

پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەژێر چەتری وەزارەتی ناوخۆدا

پەنجەرە

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم یەکێکە لە گرێکوێرەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، ئەو وەزارەتەی دەسەڵاتەکانی زۆر زیاترە لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق.

پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، لەکاتێکدا پارێزگاکانی عێراق بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەستراونەتەوە بۆ ئەوەی ئیشوکاری دانیشتوانی پارێزگاکان بەخێرایی و بەبێ رۆتینات ئەنجام بدرێن.


وەزارەتی ناوخۆ؛ لەنێوان وەزارەتێکی سەربازی و ئیشوکاری مەدەنیدا

پارێزگاکانی سەر بە حکومەتی عێراق سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانن، لەکاتێدا پارێزگاکانی هەرێم سەر بە وەزارەتی ناوخۆن و ئەو وەزارەتە لینکی نێوانیانە لەگەڵ سەرۆکایەتی حکومەت دا.

پارێزگاکان فەرمانگەی مەدەنین لەکاتێکدا وەزارەتی ناوخۆ سەربازییە، بۆیە بەڕای شارەزایانی یاسایی دوو سلکی جیان و پێکەوە گرێدانیان گرفت دروست دەکات.

پارێزگاکانی عێراق بەستراونەتەوە بە دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە و راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەت دا دەکەن، لەکاتێکدا پارێزگاکانی هەرێم سەر بە وەزارەتی ناوخۆن و دەبێت لەرێگەی ئەو وەزارەتەوە مامەڵەکانیان رایی بکرێت.

راییکردنی مامەڵەی پارێزگاکان لەرێگەی وەزارەتی ناوخۆ وە دواکەوتنی ئیشوکارەکان و رۆتیناتی تێدەکەوێت، لەکاتێکدا گەر پارێزگاکان راستەوخۆ سەر بە حکومەت بن ئیشوکارەکانیان خێراتر رایی دەکرێت.

بۆیە شارەزایانی بواری یاسا دەڵێن، گرێدانی پارێزگاکان بە وەزارەرتی ناوخۆوە جگە لەوەی دوو سلکی جیای سەربازیی و مەدەنین، هاوکات گرفتی دواکەوتنی ئیش و کارەکان و رۆتینات دروست دەکات.


وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارە سەربەخۆکان

ئیدارە سەربەخۆکان ئەگەرچی لە عێراق دا بوونیان نییە، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە وەکو چەترێک بۆ فەرمانگە حکومییەکانی گەرمیان، رانیە و سۆران دروستکراون.

ئیدارە سەربەخۆکان سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتییە گشتی و فەرمانگە حکومییەکان دەکەن و ئەمەش گرفتی گەورەی دروستکردووە، بەوپێیەی فەرمانگەکان سەر بە وەزارەتە جیاجیاکانن لەکاتێکدا ئیدارەکان سەر بە ناوخۆن.

بەپێی یاسا فەرمانگەیەکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ببێتە سەرپەرشتیاری فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکانی تر و لێپێچینەوە بکات قورسە، چونکە وەزارەتەکانیان جیاوازن و ئەمەش گرفتی یاسایی و واقیعی دروست دەکات.

ئەگەر ئیدارە سەربەخۆکان راستەوخۆ سەر بە ئەنجومەنی وەزیران بن جگە لەوەی دەسەڵاتی زیاتریان دەبێت، دەتوانن کاراتر بن لەسەرپەرشتیکردنی فەرمانگەکان و دەسەڵاتی زیاتریان دەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو