بۆچی پارتی و یەکێتی رێککەوتنی نێوانیان دەشارنەوە؟

١٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٥٩ پاش نیوەڕۆ

بۆچی پارتی و یەکێتی رێککەوتنی نێوانیان دەشارنەوە؟

پەنجەرە

پارتی و یەکێتی ئەگەرچی لەرێککەوتنی کۆتایی نزیک بوونەتەوە، بەڵام لەسەر داوای چەند سەرکردەیەکی عێراقی وردەکاری رێککەوتنی نێوانیان دەشارنەوە و ئاشکرای ناکەن.

دوێنێ چوارشەممە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و پۆستی سەرۆک کۆمار لەرێککەوتنی کۆتایی نزیک بوونەوە، بەڵام دواتر یەکێتی لەرێگەی بەیاننامەی فەرمی و پارتیش لەرێگەی میدیاوە رێککەوتنیان رەتکردەوە.

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی و ئاگادار لە گفتووگۆی نێوان پارتی و یەکێتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: عەمار حەکیم و قەیس خەز عەلی داوایان لەپارتی و یەکێتی کردووە رێککەوتن ئاشکرا نەکەن و چاوەڕوان بن.

سەرچاوەکە دەڵێت: پاساوی حەکیم و خەزعەلی ئەوە بوو ئەگەر رێککەوتن ئاشکرا بکرێت، مالیکی داوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکات.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، حەکیم و خەزعەلی داوایانکردووە پارتی و یەکێتی رێککەوتن ئاشکرا نەکەن، تا ئەوکاتەی مالیکی رازی دەکەن بە کشانەوە یاخود شیعەکان رێککەوتنی کۆتایی ئەنجام دەدەن.

پێشتر پەنجەرە بڵاویکردەوە، ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکبکەون ئاشکرای ناکەن، بۆ ئەوەی لایەنە شیعەکان دووچاری ئیحراجی نەکەن کە هێشتا ئەوان لەسەر پۆستی سررۆکوەزیران رێکنەکەوتوون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو