سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە بۆ پەنجەرە: مالیکی جێی گومانە و هەمان قسەی ترەمپی بەرامبەر بە حەشد کردووە
١٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٠١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرکردەیەکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی، بەتوندی هێرش دەکاتە سەر نوری مالیکی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و رایدەگەیەنێت، مالیکی 8 ساڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، لەو سەردەمەدا بودجەی عێراق تەخشان و پەخشانی پێوە کراوە و دوور بووە لەچاودێری پەرلەمان.
سەرکردەکەی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: سودانی لەلایەن مالیکییەوە رەتکرایەوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی، گوایە عێراق پێویستی بە دەم و چاوی نوێ هەیە کەچی خۆی دەیەوێت پۆستەکە وەربگرێت کە تاقیکراوەتەوە.
دەشڵێت: مالیکی پێشوازی لە یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووە و موجامەلەی کردووە، وتویەتی دەبێت حەشد تێکەڵ بە سوپا بکرێت و میلیشیا نەمێنێت، لەکاتێکدا دەبوو کاندیدی سەرۆکوەزیران لەگەڵ ترەمپ یان بەلای کەمەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوە دابنیشتایە.
بەپێی وتەی سەرکردەکەی رەوتی حیکمە، نەهێشتی حەشد و تێکەڵکردنی بە سوپا هەمان قسەکانی پێشووتری ترەمپە، بۆیە ئێستا نەیارانی مالیکی گومانیان لێی هەیە و تۆمەتباری دەکەن بەدەست تێکەڵکردن لەپێناو وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران.