لەعێراق و هەرێم لە ئاستی باڵا پێشوازییان لێدەکرێت؛ لەترسی ترەمپ هەلی کار نادرێت بە بەرپرسانی پێشووی ئەمەریکا

١٣ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:١٠ پاش نیوەڕۆ

لەعێراق و هەرێم لە ئاستی باڵا پێشوازییان لێدەکرێت؛ لەترسی ترەمپ هەلی کار نادرێت بە بەرپرسانی پێشووی ئەمەریکا

پەنجەرە

بەرپرسانی پێشووی ئەمەریکا لەلایەن ناوەند و کۆمپانیا گەورەکانی جیهانەوە لەترسی ترەمپ هەلی کاریان پێنادرێت، لەکاتێکدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە پێشوازییان لێدەکرێت.

دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان لەنێو حکومەت دا، بەرپرسانی ئەمەریکا روو لە ناوەندە گەورەکان و کۆمپانیا بەناوبانگەکان یاخود زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان دەکەن بۆ دەستخستنی هەلی کار، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەی بایدن لە ترسی ترەمپ هەلی کاریان پێنادرێت.

جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە ئیدارەی بایدن، بەهۆی دەست نەکەوتنی هەلی کارەوە لەگەڵ کەسێکی تردا لە ئێستادا پۆدکاست بەڕێوەدەبات. هەروەها ئەنتۆنی بلینکن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا لە رێگەی وێبسایتەکەیەوە داوای هەلی کاری کردووە.

 دەست نەکەوتنی هەلی کار لەلایەن بەرپرسانی پێشووی ئەمەریکاوە پەیوەندی بە فشارەکانی ترەمپەوە هەیە، ئەمەش وایکردووە هیچ کۆمپانیا و ناوەندێکی گەورە نەوێرێت هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێت.

فیکتۆریا تەیلەر جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەلایەن بارزانی و مالکییەوە پێشوازی لێکرا، پێشوازی لێکردنی لەلایەن مالیکی و قسەکانی لەسەر حەشدی شەعبی هەڵایەکی گەورەی دروستکرد و هێزە شیعەکانی دژی مالیکی وروژاند.

پێشوازیکردن لە فیکتۆریا تەیلەر لەلایەن بەرپرسانی عێراق و هەرێم و بایەخدان بەسەردانەکەی لەکاتێکدایە، فیکتۆریا لە سلکی دیپلۆماسی پشت پەردە کار ناکات و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکای سەردەمی ترەمپ نییە، بەڵام مالیکی دووچاری گرفتێکی گەورەی ناوخۆیی کرد.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، پێشوازیکردن لە فیکتۆریا لەلایەن مالیکییەوە جگە لەوەی ئاماژەیە بۆ خراپی بارودۆخی شیعە لە عێراق، هاوکات هەوڵێکی مالیکیشەوە بۆ خۆ نزیککردنەوە لە ئەمەریکا بەڵام لە رێگەی سیاسییەکی ناکاریگەرەوە.

نەجات حسێن، سەرکردەی تورکمانی شیعە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: مالیکی کاندیدی سەرۆکوەزیرانە، دەبوو لەگەڵ ترەمپ یاخود بەلایەنی کەم لەگەڵ وەزیری دەرەوە گفتووگۆی کردبا، نەک لەگەڵ یاریدەدەری جێگری پێشووی وەزیری دەرەوە.

وتیشی: قسەکانی مالیکی لەسەر حەشدی شەعبی هەمان قسەکانی ترەمپە، بۆیە ئێستا گومان لەسەر مالیکی دروستبووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو