سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە: مالیکی تایبەتمەندیی بوون بە سەرۆک وەزیرانی تێدا نییە
١٥ شوبات ٢٠٢٦ - ١٢:٤٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، ئاماژە بەوەدەکات نوری مالیکی ئەو تایبەتمەندییانەی تێدانییە کە خۆی و چوارچێوەی هەماهەنگی دایانناوە بۆ کەسێک پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێت.
حەسەن فەدعەم، لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەکرد: ئەو تایبەتمەندییانەی چوارچێوەی هەمانگی بۆ کەسی سەرۆک وەزیران دایانناوە بە بەشداری خودی نوری مالیکی، وایدەبینین لەئێستادا بۆ مالیکی نابێت، لەنێویاندا ئەوەیە کە کەسێک بێت لە دەرەوە و ناوەوە قبوڵکراو بێت.
ڕەوتی حیکمە لەو لایەنە شیعییانەیە کە بە توندی دژی دانانەوەی نوری مالیکییە بە سەرۆک وەزیران.
فەدعەم لەوبارەوە وتی: بەداخەوە لەپاش نواندنی ئەم هەڵوێستەمان، لەلایەن سوپا ئەلیکترۆنییەکانەوە ڕووبەڕووی هێرشێکی میدیایی بووینەتەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو پەیوەندییە مێژووییەی پێشتر هەمانبووە.
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی سەرباری ڤیتۆی ئەمەریکا، سەرکردەکەی ڕەوتی حیکمە پێیوایە ئەوە سەرکێشییەکی گەورەیە و لێکەوتەی قورسی دەبێت لەسەر سیستەمی حوکمڕانی لەعێراقدا.
بۆچوونیشی وایە سەرەنجام مالیکی لە هەستیاریی دۆخەکە تێدەگات و دەگەنە چارەسەرێک بۆ دەرچوون لەو دۆخەی هاتووتە ئاراوە.