لە نێوان "ڕووخاندن" و "سنوردارکردن"ـدا؛ ئەمەریکا چی لە ئێران دەوێت؟

١٥ شوبات ٢٠٢٦ - ١٢:٤٦ پاش نیوەڕۆ

لە نێوان "ڕووخاندن" و "سنوردارکردن"ـدا؛ ئەمەریکا چی لە ئێران دەوێت؟

پەنجەرە

لەگەڵ هەستیاربوونەوەی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، پرسیارە گەورەکە لای هەموان ئەوەیە: ئایا ئەمەریکا چی لە ئێران دەوێت؟ بە دوای ڕووخاندنی ڕژێمەکەیەوەیە، یان تەنها دەیەوێت باڵەکانی تاران لە ناوچەکەدا بکات و تواناکانی سنوردار بکات؟


ستراتیژیی سنوردارکردن؛ ئامانجە ڕاستەقینەکەی واشنتۆن؟

زۆربەی سەرچاوە شیکارییەکان، لەوانە ڕاپۆرتەکانی "ئەنجومەنی جولەکە بۆ کاروباری دەرەوە (JCFA)"؛ ئاماژە بەوە دەدەن کە ئامانجی سەرەکی و دەستبەجێی واشنتۆن "ناچارکردنی ڕژێمی ئێرانە بۆ پابەندبوون" نەک ڕووخاندنی دەستبەجێ.

دوای ئەوەی ترەمپ لە شوباتی ٢٠٢٥ـدا هەڵمەتی "زۆرترین گوشار"ـی کاراکردەوە، ئامانجەکان لە سێ خاڵدا کۆبوونەوە: کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمی، کەمکردنەوەی توانای موشەکی بالیستی و بڕینی پاڵپشتییەکان بۆ گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی "ئیران ئینتەرناشناڵ"، واشنتۆن لە ڕێگەی نێوەندگیریی عومان و سویسراوە دەیەوێت تاران ناچار بە ڕێککەوتنێکی نوێ بکات کە تێیدا پیتاندنی یۆرانیۆم کەمبکاتەوە لە بەرامبەر سوککردنی سزاکاندا. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن هێشتا بژاردەی "ڕێککەوتن" وەک ئامرازێکی سنوردارکردن لەبەرچاو دەگرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە "جەنگە هەمیشەییەکان".


سیناریۆی ڕووخاندنی ڕژێم لە نێوان لێدوان و واقیعدا

لەلایەکی دیکەوە، لێدوانە سیاسییەکان ئاراستەیەکی توندتر نیشان دەدەن. ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" و ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" ئاماژەیان بە لێدوانێکی ترەمپ کردووە لە چەند رۆژی ڕابردوودا کە دەڵێت: "گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران باشترین شتە کە ڕوو بدات."

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، ڕەزا پەهلەوی (کوڕی دوایین شای ئێران) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ڕۆیتەرز" داوای دەستێوەردانی سەربازیی ئەمەریکای کردووە بۆ هەرەسهێنانی ڕژێم.

بەڵام وەک ناوەندی لێکۆڵینەوەی "ئەنجومەنی ئەتڵەسی" ئاماژەی پێدەدات، واشنتۆن لەبەردەم سێ بەربەستدایە پەیوەست بە ڕووخاندنی ڕژێم: نەبوونی بەدیل، مەترسیی پشێوی و کاردانەوەی جیهانی.

ڕوونیدەکاتەوە: نەبوونی هێزێکی سیاسیی ئامادە و جێگیر لە ئێران بۆ جێگرتنەوەی ڕژێمی ئێستا، بەربەستێکی گەورەیە. لەلایەکی تریشەوە ترسی ئەوە هەیە ڕووخانی ڕژێم ببێتە هۆی جەنگی ناوخۆیی یان سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی سەربازیی توندڕەوتر (وەک سوپای پاسداران). ئەمە سەرباری ترسی تێوەگلان لە جەنگێکی فراوان کە ئابووریی جیهان پەکبخات.


ئامرازە جێگرەوەکانی گوشار 

ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، تێکەڵەیەک لە هێز و دیپلۆماسی بەکاردەهێنێت، لەنمونەی:

سزای ئابووری:
بەئامانجگرتنی کەرتەکانی نەوت، گواستنەوەی دەریایی و تۆڕە داراییەکانی سوپای پاسداران لەڕێگەی سەپاندنی سزا بەسەریانەوە.

هێزی سەربازیی:
جێگیرکردنی فڕۆکەهەڵگرەکانی وەک "جێراڵد فۆرد" و "ئەبراهام لینکۆڵن" لە ناوچەکەدا وەک پەیامێکی هەڕەشەئامێز.

میکانیزمی "Snapback": 
کاراکردنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێش ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی هەبوون.

لاوازکردنی بریکارەکان:
لێدانی گروپە چەکدارەکانی یەمەن، لوبنان و غەززە بۆ وشککردنی سەرچاوەی هێزی تاران لە دەرەوەی سنوورەکانی.


ڕۆڵی ئیسرائیل لە پرسەکەدا؛ سود یان مەترسی؟

بۆچوونەکان لە ناوخۆی ئیسرائیلیش لەبارەی پرسی کەوتن یان لاوازبوونی ڕژێمی ئێران دابەشبوون.

ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی و ناوەندی "ئەهرام"ـی میسری، دوو تێڕوانینی جیاواز دەخەنە ڕوو:

تێڕوانینی یەکەم:
ڕووخانی ڕژێمی تاران کۆتایی بە هەڕەشەی بوونیی "وجودیی" ئیسرائیل دەهێنێت و دەبێتە دەستکەوت بۆ هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە.

تێڕوانینی دووەم:
هەندێک لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئیسرائیل دەترسن لەوەی ڕووخانی لەناکاوی تاران ببێتە هۆی سەرهەڵدانی "هێزە سوننییە توندڕەوەکان" کە کۆنترۆڵکردنیان قورستر بێت.

هەروەها گۆڕانی ئێران بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی (سێکۆلار یان دیموکرات) ڕەنگە بیکاتە ڕکابەرێکی بەهێزی ئابووری و سەربازی لە ناوچەکەدا کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڕۆژئاوا هەبێت، ئەمەش بایەخی ئیسرائیل وەک "تاکە پۆلیسی ناوچەکە" لای واشنتۆن کەمدەکاتەوە.


ئیدارەدانی قەیران

ئەو ڕاپۆرتانەی لە میدیا جیهانییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە سیاسەتی ئەمەریکا لەم پرسەدا جۆرێکە لە "ئیدارەدانی قەیران".

واشنتۆن لەکاتێکدا باس لە ڕووخانی ڕژێمەکە دەکات و دەرگای بۆ ئەو ئەگەرە کردووەتەوە، بەڵام لەسەر ئاستی فەرمی، زیاتر جەخت لەسەر گۆڕینی ڕەفتاری تاران و بێهێزکردنی دەکاتەوە. 

وەک "فاینانشاڵ تایمز" ئاماژەی پێدەدات، ئەمەریکا دەیەوێت ئێرانێک ببینێت کە "هەبێت بەڵام کاریگەر نەبێت"، مەگەر پێشهات و ویستی نوێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هاوکێشەکە بە تەواوی بگۆڕن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو