مەزڵوم عەبدی لە میونخ؛ لەنێوان پێشوازی وڵاتان و نیگەرانی تورکیادا
١٥ شوبات ٢٠٢٦ - ٦:٤٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پێشوازیکردنی بەرپرسانی وڵاتان لە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە لە ئەڵمانیا، جارێکی تر مشتومڕی لەسەر ڕۆڵ و پێگەی کورد لە سوریای ئایندەدا دروستکردەوە.
پێشوازیکردن لە عەبدی و ڕۆڵی کورد
پێشوازیکردنی بەرپرسانی وڵاتان لە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە بەقۆناغێکی ئەرێنی بۆ پێگەی کورد لە سوریای ئایندەدا لێیدەڕوانرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەردەی لەسەر بوونی هەندێک بەربەست لادا.
کاتێک لەلایەن گروپە چەکدارە سورییەکانەوە هێرشکرایە سەر هەسەدە، تۆم باراک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لە سوریا رایگەیاند: رۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە کۆتاییهات.
لەکاتێکدا باراک لەچەند رۆژی ڕابردوودا، وێنەیەکی وەزیری دەرەوەی سوریا و شاندی هەسەدەی بڵاو کردەوە و لەسەری نوسی: وێنەیەک و هەزار واتا.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، پێشوازیکردنی بەرپرسانی وڵاتان لە مەزڵوم عەبدی لە ئەڵمانیا، کۆتایی بەو مشتومڕە هێنا کە لە دوای رووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا دروستبوو، گوایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتی لە هەسەدە کردووە.
شێوازی پێشوازیکردنی بەرپرسانی وڵاتان لەشاندی هەسەدە و حکومەتی سوریا، دەرخەری ئەوەیە هێشتا هەسەدە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بایەخی پێدەدرێت، بەڵام شێوازی مامەڵەکردنیان گۆڕاوە و وەکو بەشێک لە سوریا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.
دیداری پێکەوەیی وەفدی دیمەشق و هەسەدە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان، روونیکردەوە ڕۆڵی هەسەدە کۆتایی نەهاتووە بەڵکو گۆڕاوە، بەوەی جاران سەربەخۆیانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، بەڵام ئێستا بەهاوبەشی لەگەڵ دیمەشق مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
دوو شاندی کوردیی و دوو مامەڵەی جیاواز
بەرپرسانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەچوارچێوەی وەفدی سوریادا پێشوازییان لە بەرپرسانی هەسەدە کرد، لەکاتێکدا بەجیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە ئەمە دەریخست بەدوو شێوەی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو وەفدە کوردییەدا کراوە.
نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم و بەبێ ئەوەی لەگەڵ وەفدی عێراق دا بێت لەگەڵ نوێنەری وڵاتان کۆبوویەوە، هەروەها لەکاتی کۆبوونەوەکاندا ئاڵای کوردستانی لەتەنیشت دانرابوو.
لەکاتێکدا فەرماندەکانی هەسەدە لەچوارچێوەی وەفدی سوریدا پێشوازییان لێکرا و وەکو بەشێک لە سوریا مامەڵەیان لەگەڵ کرا، پێدەچێت هۆکارێکی ئەمە خۆبەدوور گرتنی وڵاتان بێت لە نیگەرانی تورکیا.
تورکیا و هەسەدە
لەکاتێکدا وەفدی زۆربەی وڵاتان پێشوازییان لە شاندی سوری و هەسەدە کرد، بەڵام تورکیا لەگەڵیان کۆنەبوویەوە و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئامادە نییە قەبوڵیان بکات.
ئامادە نەبوونی تورکیا بۆ قەبوڵکردنی هەسەدە لەکاتێکدایە، دیمەشق سەربەخۆ نییە و لەژێر هەژموونی تورکیادایە، هەروەها بەشێکی زۆری ئاڵۆزی ئەو وڵاتەش هاندانی تورکیای لە پشتەوەیە.
ئامادە نەبوونی تورکیا بۆ قەبوڵکردنی هەسەدە و مانەوەی بەشێک لەکێشەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بەهەڵواسراویی، بە بەربەرستێکی گەورەی بەردەم چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە سوریا دادەنرێت.