پەنجەکان یەکتری دەشکێنن؛ ململانێی دوو ئاراستەکەی گۆڕان لە لوتکەدا

١٦ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:١٥ پێش نیوەڕۆ

پەنجەکان یەکتری دەشکێنن؛ ململانێی دوو ئاراستەکەی گۆڕان لە لوتکەدا

پەنجەرە

ئەو هەڵسوڕاوانەی بزووتنەوەی گۆڕان کە تا چەند ساڵێک لەمەوبەر پێکەوە ململانێی یەکێتی و پارتی و بانگەشەی گۆڕینی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، سبەینێ دووشەممە لەسەر شوناسی بزووتنەوەکە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

بڕیارە سبەینێ دووشەممە، ململانێی نێوان هەردوو ئاراستەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی یەکلایی کەرەوەدا لەشاری کەرکوک یەکلایی ببێتەوە، بەوەی شوناسی بزووتنەوەکە بۆ یەکێک لەو دوو ئاراستەیە ساغ ببێتەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان ئاراستەی کوردسات بە سەرۆکایەتی دانا ئەحمەد مەجید و بزووتنەوەی گۆڕان ئاراستەی گردی زەرگەتە، بەسەرپەرشتی چیا نەوشیروان مستەفا دەچنە نێو ململانێیەکی نوێ و یەکلایی کەرەوەوە، شوێنی کۆنفرانسەکەش شاری کەرکوکی ناکۆکی لەسەرە.

هەرچەندە کۆنفرانسەکەی سبەینێێ بزووتنەوەی گۆڕان بە کۆنفرانسێکی یەکلایی کەرەوە ناودەبرێت، بەڵام هێشتا روون نییە ئەنجامەکەی کێشەی نێوان دوو ئاراستەکە لەسەر خاوەندارێتیکردنی گۆڕان یەکلایی دەکاتەوە یاخود قوڵتری دەکاتەوە.

عەبدولڕەحمان ئەبوبەکر،هەڵوسراوی بزووتنەوەی گۆڕان سەر بە ئاراستەی گردی زەرگەتە، ئاماژەی بەوەکرد بەشداری کۆنفرانسی سبەینێ دووشەممەی بزووتنەوەی گۆڕان لە کەرکوک دەکەن.

عەبدولڕەحمان ئەبوبەکر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دۆخەکە گۆڕاوە و سبەینێ شوناسی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ گردی زەرگەتە یەکلایی دەبێتەوە.

ناوبراو وتی: ئێمە زۆرینەین و ئەنجامەکەش دواتر دەردەکەوێت.

کۆنفرانسەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن لیژنەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی عێراقەوە و بەسەرپەرشتی "دادوەر فەیاز" ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراقەوە بەڕێوەدەچێت.

ئەندامانی دەستەی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کە لەساڵی 2017 ناوەکانیان پێشکەشکراوە و ژمارەیان (2132) کەسە مافی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسەکەدا هەیە، بەڵام روون نییە لەو ژمارەیە چەند کەسیان بەشدار دەبێت.

رۆڤان سەروەت، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان سەر بە ئاراستەی کوردسات، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەچینە کۆنفرانس و خۆمان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باش شوناسی گۆڕان بۆ ئێمە یەکلایی ببێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو