ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی بۆ نوری مالیکی کرا؟
١٦ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:١٦ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەلایەن بەرپرسێکی ئەمەریکاوە پەیوەندی بەنوری مالیکییەوە کراوە و داوای لێکراوە لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکشێتەوە، لە ئەگەری نەکشانەوەشدا هۆشداری راستەوخۆی پێدراوە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان مالیکی و بەرپرسەکەی ئەمەریکا دوێنێ شەممە ئەنجامدراوە، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە، پەرلەمانتارانی شیعە لەنێو ئەنجومەنی نوێنەران ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەیان بۆ ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد باسکردووە.
بەپێی وتەی پەرلەمانتارانی شیعە، بەرپرسە ئەمەریکییەکە هۆشداری بە مالیکی داوە لە ئەگەری نەکشانەوەیدا، ئەمەریکا سزا بەسەر بانکی ناوەندی عێراق، کۆمپانیای سۆمۆ، وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق دا دەسەپێنێت.
پەرلەمانتارانی شیعە ناوی بەرپرسە ئەمەریکاییەکەیان نەدرکاندووە کە پەیوەندی بە مالیکییەوە کردووە، بەڵام ئاماژەیان بەوەکردووە ئەگەری کشانەوەی نوری مالیکی لەکاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەهێزتر بووە لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە.