ڤیدیۆیەک باڵیۆزی عێراق لە سعودیە دەخاتە ناوجەرگەی گێژاوێکی سیاسی

١٦ شوبات ٢٠٢٦ - ١:٣٥ پاش نیوەڕۆ

ڤیدیۆیەک باڵیۆزی عێراق لە سعودیە دەخاتە ناوجەرگەی گێژاوێکی سیاسی

پەنجەرە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گرتە ڤیدیۆییەکی سەفیە سوهەیل، باڵیۆزی عێراق لە عەرەبستانی سعوودی، بووەتە جێی باسی گەرمی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە سیاسییەکانی عێراق.

ئەم بابەتە کە بە پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵە دیپلۆماسییەکان ناوزەند دەکرێت، کاردانەوەی توندی پەرلەمانی لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوە گێڕانەوەیەکی جیاوازی بۆ ڕووداوەکە هەیە.


کێشەکە چییە؟

کێشەکە لە بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکی کورتەوە دەستیپێکرد، کە لەکاتی کۆبوونەوەیەک لە شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزی عێراق لە ڕیازـی پایتەختی سعودیە وێنەگیراوە.

لە ڤیدیۆکەدا وا دەردەکەوێت کە ئەندامانی شاندی عێراقی بەپێوە وەستاون، لە کاتێکدا میوانە سعوودییەکان دانیشتوون.

ئەم دیمەنە لەلایەن بەشێکی زۆری چاودێران و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا وەک "سوکایەتیکردن بە شکۆی دەوڵەتی عێراق" و "پێشێلکارییەکی گەورەی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسی" لێکدرایەوە.

ڕەخنەگران دەڵێن شێوازی پێشوازیکردنەکە بە جۆرێک بووە کە وەک ئەوە دەرکەوتووە لایەنی عێراقی لە پلەیەکی نزمتردایە، ئەمەش تووڕەییەکی زۆری لە ناوخۆی عێراق لێکەوتەوە.


ڕەخنەگران و حکومەت لەوبارەوە چی دەڵێن؟

دابەشبوونێکی ڕوون لە نێوان لایەنی چاودێری (پەرلەمان) و لایەنی جێبەجێکردن (وەزارەتی دەرەوە) لەسەر ئەم پرسە هەیە.

هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، بە فەرمی داوای لە وەزارەتی دەرەوە کردووە کە سەفیە سوهەیل لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا بانگێشت بکرێت بۆ لێکۆڵینەوە.

هەروەها پەرلەمان لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستی ڤیدیۆکە و لێکەوتە دیپلۆماسییەکانی پێکهێناوە، چونکە پێیانوایە ئەمە زیان بە ناوبانگی عێراق دەگەیەنێت.

لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی فەرمییەوە بەرگری لە باڵیۆزەکەی کرد.

دەشڵێت: کۆبوونەوەکە مەراسیمێکی فەرمی پرۆتۆکۆلی نەبووە، بەڵکو "بانگێشتێکی کۆمەڵایەتی" بووە لە پەراوێزی پێشانگای بەرگری سعوودی ٢٠٢٦.

باس لەوەشدەکات لایەنی عێراقی خۆی میواندار بووە، نەک میوان؛ واتە بانگێشتەکە لە ماڵی باڵیۆز بووە بۆ میوانە سعوودییەکان و ڕەوەندی عێراقی.

دەشڵێن: ئەو ساتەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، تەنها چەند چرکەیەک بووە کە تێیدا باڵیۆز و شاندی عێراقی ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی میوانەکان بەرەو هۆڵی نانخواردن بەرن، نەک ئەوەی بە درێژایی دانیشتنەکە بە پێوە وەستابن.


سەفیە سوهەیل کێیە؟

سەفیە تاڵب سوهەیل، یەکێکە لە ژنە دیپلۆماتکار و سیاسییە ناسراوەکانی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣.

ئەو کچی تالب سوهەیل تەمیمییە، کە یەکێک بوو لە نەیارە دیارەکانی ڕژێمی پێشوو و لە ساڵی ١٩٩٤ لە بەیرووت تیرۆر کرا.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەڕایەوە عێراق و بووە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چەند خولێکی جیاوازدا.

دواتر وەک باڵیۆزی عێراق لە ئوردن کاریکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٣ـشەوە وەک باڵیۆزی عێراق لە عەرەبستانی سعوودی دەستبەکار بووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو