"ئەنجومەنی باڵا"؛ پرۆژەیەک بەناوی محەمەدی حاجی مەحمود و بە موبارەکەی پارتی و یەکێتی
١٦ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:١٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، پڕۆژەیەکی بۆ پێکهێنانی "ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان" لە هەرێم ڕاگەیاند.
ئەم پڕۆژەیە ئەگەرچی بەناوی ئەوەوە ڕاگەیەنراوە، بەڵام بە دڵ و پەسەندکردنی پارتی و یەکێتی جاڕدراوە.
پڕۆژەکە چییە و لە چی پێکدێت؟
ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی چەترێکی سیاسیی "سەرووحزبی" کە تێیدا بڕیارە چارەنووسسازەکان لە ناوەندێکی یەکگرتووەوە دەربچن.
بەپێی پێشنیازەکەی محەمەد حاجی مەحمود، ئەنجومەنەکە تەنها لە سیاسییەکان پێکنایەت، بەڵکو پێکهاتەیەکی کارگێڕی و زانستی هەیە کە لە دوو بازنەی سەرەکی پێکدێت:
بازنەی یەکەم (داڕێژەرانی بڕیار):
ئەم بازنەیە لە کۆمەڵێک پسپۆڕی ئەکادیمی و شارەزا لە بوارەکانی یاسا، دەستوور، سیاسەت و کاروباری سەربازی پێکدێت. ئەرکی ئەمان توێژینەوە و ئامادەکردنی نەخشەڕێگا و سیناریۆ جیاوازەکانە بۆ هەر ئەگەر و گۆڕانکارییەک.
بازنەی دووەم (ئەنجومەنی بڕیاردان):
ئەم بەشە لە ڕێبەرانی ئەو پارتە سیاسییانە پێکدێت کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە. ئەرکی ئەم بازنەیە پەسەندکردنی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن پسپۆڕەکانەوە گەڵاڵە کراون.
بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە بە دەنگی "زۆرینەی ڕەها" دەبێت و وەک بڕیارێکی نیشتمانیی پابەندکەر بۆ هەمووان تەماشا دەکرێت، بە جۆرێک هیچ لایەنێک نەتوانێت لێی لابدات.
ئامانجی پڕۆژەکە؛ بۆچی لەئێستادا؟
ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی پڕۆژەکە لە چەند خاڵێکدا کورت دەبنەوە، کە گرنگترینیان بریتین لە:
پاراستنی قەوارەی هەرێم: بەهێزکردنی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
کۆتاییهێنان بە پەرتەوازەیی: یەکخستنی وتاری کوردی لە دانوستانەکاندا، بەتایبەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
گۆڕینی ستراتیژی بڕیاردان: گواستنەوەی سیاسەتی هەرێم لە "کاردانەوە"وە بۆ "پلاندانانی پێشوەختە"، تاوەکو هەرێم خۆی خاوەنی سیناریۆی ئامادەکراو بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان.
یەکخستنی هێزی پێشمەرگە: کارکردن بۆ دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو لەژێر چەتری ئەم ئەنجومەنەدا.
پارتی و یەکێتی؛ پشتیوانییەکی گەرم و ڕانەگەیەنراو
هەرچەندە پڕۆژەکە بە ناوی محەمەد حاجی مەحمودەوە ڕاگەیەندراوە، بەڵام زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم هەنگاوە بە ڕەزامەندیی تەواوی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە. تەنانەت دەگوترێت ئەم پڕۆژەیە لە بنەڕەتدا بەرهەمی لێکتێگەیشتنی ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەیە و تەنها لە ڕێگەی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتەوە "ئیعلان" کراوە بۆ ئەوەی ڕەهەندێکی نیشتمانی و گشتگیرتر وەربگرێت.
پرسیار ئەوەیە: بۆچی پارتی و یەکێتی پشتگیریی ئەم پڕۆژەیە دەکەن؟
لێرەدا دوو ئامانجی سەرەکی لە پشت پەردەوە دەبینرێن:
مۆدێلی "چوارچێوەی هەماهەنگی":
پارتی و یەکێتی دەیانەوێت مۆدێلێکی هاوشێوەی "چوارچێوەی هەماهەنگی" شیعەکان لە هەرێمی کوردستان کۆپی بکەنەوە، تاوەکو بڕیاری سیاسی لە دەستی لایەنە سەرەکییەکاندا بمێنێتەوە.
پێگەی مەسعود بارزانی:
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان کە لە نێو هەردوو حزبەکەدا قسەی لەسەر کراوە، پێدانی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە بە مەسعود بارزانی.
لە دوای ساڵی ٢٠١٧ و بەناچاری دەستپێهەڵگرتنی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم، بارزانی بەبێ پۆستی فەرمی لە دامەزراوەکانی هەرێمدا ماوەتەوە. ئەم پڕۆژەیە دەبێتە دەروازەیەکی یاسایی و سیاسی بۆ ئەوەی بارزانی وەک سەرۆکی ئەم ئەنجومەنە، ڕۆڵێکی فەرمی و وەک دەوترێت "نیشتمانیی" بگێڕێت، کە لەسەرووی ململانێ حزبییەکانەوە بێت.
پرۆژەیەک و دوو دیو
لە کۆتاییشدا، ئەگەر لەلایەکەوە پڕۆژەکە وەک هەوڵێک بۆ ڕێکخستنەوەی ماڵی کوردی پیشان بدرێت، ئەوا دەگونجێت لەلایەکی دیکەشەوە وەکو چەترێک بۆ کۆنترۆڵکردنی جومگە ستراتیژییەکانی هەرێم لەلایەن هێزە گەورەکانەوە لێکبدرێتەوە.