جەنگی ڕەنگەکان؛ بۆچی "دۆلاری شین" لە "دۆلاری سپی" گرانترە؟
١٦ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٠١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا بانکی ناوەندیی عێراق و فیدراڵیی ئەمریکا دوپاتی دەکەنەوە کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان چاپە جیاوازەکانی دراوی دۆلاردا نییە، بەڵام بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان یاسایەکی سەربەخۆ بۆ خۆیان پەیڕەو دەکەن.
کێشەی "دۆلاری شین" و "دۆلاری سپی" بووەتە سەرئێشەیەک بۆ هاووڵاتیان و بازرگانان، ئەمەش وایکردووە جیاوازییەکی بەرچاو لە نرخەکانیاندا دروست بێت.
لەنێوان شین و سپی یان کۆن و نوێدا
کێشەکە خۆی لە جیاکارییەکی نەفەرمییدا دەبینێتەوە لە بازاڕ و نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو. کڕیاران و نووسینگەکانی دراو جۆرە نوێیەکەی دۆلار (کە ناسراوە بە دۆلاری شین و چاپی ساڵی ٢٠١٣ بەسەرەوەیە) بە پەسەندتر دەزانن و بە نرخی تەواوی بازاڕ مامەڵەی پێوە دەکەن.
لە بەرامبەردا، چاپە کۆنەکان (کە ناسراون بە دۆلاری سپی و چاپی پێش ٢٠١٣ـن) یان ڕەتدەکرێنەوە، یان بە نرخێکی کەمتر وەردەگیرێن.
ئەم جیاوازییە لە هەر ١٠٠ دۆلارێکدا دەگاتە ٢٠٠٠ بۆ ٣٠٠٠ دینار و زیاتریش، ئەمەش بارگرانییەکی دارایی بۆ ئەو کەسانە دروستکردووە کە پارەکانیان بە دۆلاری چاپی کۆنە.
ڕاستی یان وەهم؛ بۆچی ئەم جیاوازییە؟
بەگشتی چەند هۆکارێکی سەرەکی لە پشت ئەم دیاردەیە دایە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە لایەنی دەروونی و پشێویی بازاڕەوە هەیە نەک یاسایی، لەوانەش:
ترس لە ساختەکاریی:
بازرگانان و هاوڵاتیان وا هەست دەکەن دۆلاری شین بەهۆی بوونی نیشانەی ئەمنیی زیاترەوە، دڵنیایی زیاتریان پێدەبەخشێت. بەوپێیەی دۆلاری نوێ خاوەنی شریتی شینی سێ ڕەهەندی و نیشانەیەکی تایبەتی زەنگێکە لەنێو شوشەیەکی مەرەکەبدا، کە ساختەکردنیان ئەستەم و یەکجار قورسە.
خواستی بازاڕ:
بەهۆی ئەوەی هاوڵاتیان تەنها دۆلاری نوێیان دەوێت، نووسینگەکانیش ناچارن دۆلارە کۆنەکان بە نرخێکی هەرزانتر بکڕنەوە بۆ ئەوەی بتوانن دواتر بە کەسانی دیکەی بفرۆشنەوە.
مامەڵەی بانکە ئەهلییەکان:
هەندێک لە بانکە ئەهلییەکان و دامەزراوە داراییەکان، بە بیانووی کۆنی یان تێکچوونی کاغەزەکە، لە وەرگرتنی دۆلاری سپی خۆیان دەپارێزن، ئەمەش وایکردووە ترس لای خەڵک دروست بێت کە نەکا ڕۆژێک دۆلارە کۆنەکەیان بەکارنەیەت.
پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەم هۆکارانە زانستین؟
هەریەکە لە بانکی ناوەندی عێراقی و فیدراڵی ئەمەریکی، ئەمە ڕەد دەکەنەوە، بەڵام بەوهۆیەی لەڕووی ساختەکارییەوە دۆلارە نوێیەکان ساختەکردنیان ئەستەم و قورسە، هەربۆیە متمانەپێکراو ترە لەچاو چاپە سپییەکە.
ئەوەشی کە مایەی تێبینییە ئەوەیە، ئەم دیاردەیە تەنها تایبەت نییە بە عێراق، بەڵکو لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە خاوەنی ئابوورییەکی ناسەقامگیرن یان بازاڕی دراوی ڕەشیان تێدایە، ئەم کێشەیە دەبینرێت، ئیتر چ لە ئاسیا بن یان ئەفریقا و ئەوروپا و ئەمەریکا.
هەربۆیە کێشەکە وەها دەبینرێت کە ئەوەندەی پەیوەستە بە دۆخی ناجێگیری بواری دارایی و ئابووریی و بازرگانیی دراوەوە، ئەوەندە بنەمای زانستی و لۆژیکیی نییە.