نەیارەکانی لەنێو ململانێیەکی بەهێزدا؛ موقتەدا سەدر بەبێدەنگی چاودێری دۆخەکە دەکات 

١٦ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٠٢ پاش نیوەڕۆ

نەیارەکانی لەنێو ململانێیەکی بەهێزدا؛ موقتەدا سەدر بەبێدەنگی چاودێری دۆخەکە دەکات 

پەنجەرە 

رەنگە دۆخی ئێستای عێراق لەهەمووان زیاتر بۆ موقتەدا سەدر مایەی دڵخۆشی بێت، بەوپێیەی نەیارەکانی دووچاری پێکدادان و ململانێیەکی بەهێز بوون، ئەویش لەدوورەوە و بە بێدەنگی لەدۆخەکە دەڕوانێت.


نەیارەکانی سەدر لە ململانێدا

رۆژگارێک ترس لە هەژموونی رەوتی سەدر لە سەنگەرێکدا کۆیکردبوونەوە، بەڵام دوای بەجێهێشتنی گۆڕەپانەکە لەلایەن سەدرەوە ئێستا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

بەریەککەوتنی نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسایبی ئەهلی حەق ئێستا گەرمترین باسی میدیاکانی عێراقە، بەتایبەت خەزعەلی دژایەتی مالیکی دەکات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران.

کاتێک لە ساڵی 2021، رەوتی سەدر هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و جێ لەقکردنی لایەنە شیعەکانیدا، ترس لە هەژموونی سەدر لایەنە شیعەکانی بە مالیکی و خەز عەلییەوە بردە سەنگەرێک.

ئێستا کە سەدر گۆڕەپانی سیاسی بۆ بەجێهێشتوون، ئەوان خەریکە دۆستایەتی نێوانیان بۆ دوو هێزی نەیار و کێبڕکێکار دەگۆڕێت، سەدریش لەدوورەوە چاودێری ئاراستەی ململانێی نێوان نەیارەکانی دەکات.

خەز عەلی و عەمار حەکیم دژی کاندیدکردنەوەی مالیکین بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەرپرسانی دەوڵەتی یاساش هۆکارەکەی بۆ ترسی ئەوان لە بەهێزی کەسایەتی مالیکی و دروستبوونی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانیان دەگێڕێتەوە.

لەکاتێکدا عەسایب و رەوتی حیکمە، مالیکی بە بەرژەوەندیخواز و هەوڵدان بۆ دووچارکردنی عێراق بە سزای ئەمەریکا تۆمەتبار دەکەن، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن ئەوکاتەی سەرۆکوەزیران بووە یاری لەگەڵ کردوون و راستگۆ نەبووە.

هەرچەندە لەرابردوودا زیاتر ئاماژە بە ناکۆکی مالیکی و خەز عەلی لەگەڵ سەدر کراوە، بەڵام ناکۆکی نێوان سەدر و عەمار حەکیم رەنگە قوڵتر بێت، بەوپێیەی ململانێی پێگەی ئاینی تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بووە.

ئاراستەی ململانێی نێوان مالیکی و خەز عەلی زۆری نەماوە یەکلایی ببێتەوە، بەوەی گەر مالیکی پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێتەوە رەنگە هەوڵی تۆڵە کردنەوە بدات، خۆگەر بکشێتەوە پێدەچێت هەڵکشانی تەمەنی دۆخەکە لەبەرژەوەندی خەز عەلی بگۆڕێت.


سەدر و خەز عەلی؛ دۆستی دوێنێ و نەیاری ئەمڕۆ 

ئەو عەمامە سپی و عەمامە ڕەشەی کە هاوتەمەنن، پێشتر لەنێو یەک هێزدا کاریان دەکرد و ڕووبەڕووی هێزەکانی ئەمەریکا دەبوونەوە، بەڵام ئێستا دوژمن و نەیاری سەرسەختی یەکترین.

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و قەیس خەز عەلی، ئەمینداری عەسایبی ئەهلی حەق، ناکۆکی نێوانیان نابڕێتەوە و ناو بە ناو هێزەکانیان ڕووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، بەڵام ئێستا سەدر لەدوورەوە لە ناکۆکی هەردوو نەیارەکەی خەز عەلی و مالیکی دەڕوانێت.

قەیس خەزعەلی، تەمەن 52 ساڵ، بەر لەوەی ببێتە سەرکردەیەکی دیاری خاوەن هێزی چەکدار و جەماوەر، لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2005، ئەوکاتەی سەدر "جیهاد"ی دژی هێزەکانی ئەمەریکا ڕاگەیاند، ئەو یەکێکبو لە سەرکردە گوێڕایەڵەکانی موقتەدا سەدر لەنێو سوپای مەهدیدا.

کاتێک لە ساڵى 2005 گروپی عەسایبی ئەهلی حەقی دروستکرد و لە سوپای مەهدی جیابوویەوە دۆخەکە گۆڕا، پەیوەندی نێوان سەدر و خەز عەلی لە دوو سەرکردەی دۆست و تەباوە بۆ دوو نەیاری سەرسەخت گۆڕا.

پەیوەندی نێوان سەدر و خەز عەلی 21 ساڵ لەمەوبەر تێکچوو، ئەوکاتەی هەردووکیان  لە لوتکەی  گەنجیدا بوون و سەروریشیان ڕەش بوو، بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیان ناکۆکی نێوانیان هێشتا بەردەوامە.


مالیکی و سەدر؛ دوو نەیاری سەرسەخت 

دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی عێراق لەساڵی 2006، ناکۆکی نێوان مالیکی و سەدر سەریهەڵدا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی بیست ساڵ هێشتا پەیوەندی نێوانیان ئاسایی نەبووەتەوە و دژی یەکترین.

ناکۆکی نێوان سەدر و مالیکی بەچەندین وێستگەی جیاوازدا تێپەڕیووە، لەکاتێکدا سەرەتای تەقینەوەی ناکۆکییەکانیان ئەوکاتە بوو کە مالیکی بڕیاری بەکارهێنانی هێزی دا لە دژی سوپای مەهدی.

سەدر بەکارهێنانی هێز دژی سوپاکەی لەلایەن مالیکییەوە لەبیر ناکات، بۆیە هەوڵە یەک لەدوای یەکەکانی بەردەوامبوو بۆ لاوازکردنی پێگەی و دوورخستنەوەی، بەڵام مالیکی بە پاڵپشتی ئێران توانی بەرەنگاری هەوڵەکانی ببێتەوە.

دوا هەوڵی سەدر بۆ دوورخستنەوەی مالیکی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق لە ساڵی 2021 بوو، کاتێک هەوڵیدا لەگەڵ پارتی و عەرەبی سونە حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت، بەڵام دوای نائومێدبوون لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە و لەوکاتەوە لە دۆخەکە دەڕوانێت.

کاتێک محەمەد شیاع سودانی کشایەوە و مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید کرا، پێشبینی دەکرا سەدر بەدەنگ بێت و دژی کاندیدکردنی بوەستێتەوە، بەڵام سەدر بێدەنگی هەڵبژارد و پێدەچێت هۆکاری بێدەنگییەکەی ئاگاداربوون بێت لە ناکۆکی نێوان نەیارەکانی.

لەئێستادا موقتەدا سەدر لەدوورەوە و بەئاسودەیی لەگۆڕەپانی سیاسی دەڕوانێت، بەوپێیەی نەیارەکانی کەوتوونەتە نێو ململانێیەکی توند و بەهێزەوە، ئەمەش بۆ سەدر دۆخێکە کە دەمێکە چاوەڕوانی دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو