عێراق لەبەردەم ئاڵۆزیدا؛ هێزێکی گەورەی سونە رەوانەی سنوری عێراق کرا و دەزگا ئەمنییەکانی عێراقیش خۆیان ئامادە دەکەن
١٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٤٣ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێزێکی زۆری چەکدار لە دیوی سوریا و لەسەر سنوری عێراق کۆکراوەتەوە، کۆکردنەوەی هێزەکان بەشێکن لەو پلانەی داڕێژراوە بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی عێراق.
دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و لایەنە شیعەکان بەوپەڕی ترسەوە چاودێری جموجۆڵی چەکدارەکان دەکەن، چونکە پێیانوایە بەشێکە لە پلانێکی گەورەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ لاوازکردنی هەژموونی شیعە لە عێراق.
پێکهاتەی هێزەکە
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، بەشێکی زۆری ئەو هێزەی لەژێر ناوی سوپای سوریا هێنراونەتە ناوچە سنورییەکانی ئەنبار و نەینەوا چەکداری عێراقین.
زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوەدەکەن، هێزە کۆکراوەکە لەچەند بەشێک پێکهاتوون و تێکەڵەیەکن لە چەکداری عەشایەر، گروپی ئیسلامی و چەکدارە بەعسییەکان.
زۆربەی چەکدارەکان پێشتر لە سوریا، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی بوون، بەڵام کۆکراونەتەوە و هێزێکی گەورەیان لێدروستکراوە و چەک و تەقەمەنی زۆریشیان پێدراوە.
پێش هێنانی ئەو هێزانە بۆ ناوچە سنورییەکانی عێراق، لایەنە شیعەکان دەڵێن لینک لەگەڵ عەشایەرە عەرەبەکانیش دروستکراوە و پارەی زۆریان بۆ رەوانە کراوە.
دەزگا ئەمنییەکان ترسیان هەیە لەوەی لەئەگەری روودانی ئاڵۆزیدا لە سنورەکان سیناریۆی دێرەزوور و رەقە دووبارە ببێتەوە، بەوەی عەشایەرە عەرەبەکان هەڵبگەڕێنەوە و بچنە پاڵ ئەو هێزانە لە دژی سوپای عێراق.
یەک هێز و دوو ئەجێندا
عەرەبە سونەکانی عێراق پەیامی دروستکردنی هەرێمێکی سونی و دەرهێنانیان لەژێر دەسەڵاتی شیعە پێگەیەنراوە، لەلایەن ئەردەن، تورکیا و کەنداوەوە بەمە قایلکراون.
لەکاتێکدا چاودێران پێیانوایە بناغەی پلانەکە بۆ لاوازکردنی پێگەی شیعەیە لەعێراق و دەستگەیشتنی تورکیایە بە شەنگال و ناوچەکانی تر، کە لەڕووی ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەوە بۆ تورکیا گرنگن.
کۆکردنەوەی ئەو هێزانە لەناوچە سنورییەکان لەکاتێکدایە، پێشتر سەرکردەیەکی شیعە کۆبوونەوەی نێوان شەرع و رەغد سەدام حسێن ی بۆ پەنجەرە پشتڕاست کردبوویەوە.
هێزەکان کەی دەجوڵێن؟
بەپێی وتەی بەرپرسانی سەربازی عێراق لە موسڵ، کە پەنجەرە بۆ ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە قسەی لەگەڵ دوو فەرماندەی سوپادا کردووە، هێزەکە بۆ مانگی تەمموز ئامادەکراون.
فەرماندە سەربازییەکانی عێراق بە پەنجەرەیان ڕاگەیاند: چاودێری جموجۆڵی ئەو هێزانە دەکەین کە بەناوی سوپای سوریاوە هێنراونەتە ناوچە سنورییەکانی ئەنبار و نەینەوا، کە زۆربەیان عێراقین و بەسوپای سوریا رووپۆش کراون.
وتیشیان: چەکدارەکان تێکەڵەن لە ئیسلامی و عەشایەر و بەعسی و رۆژانەش ژمارەیان زیاد دەکات.
هەرچەندە فەرماندەکانی عێراق پێیانوایە ئەو چەکدارانە ئامادەکراون بۆ مانگی تەمموز، بەڵام بەرپرسانی سیاسی عێراق وایدەبینن گەر هێرش بکرێتە سەرئێران ئەو هێزانە دژی عێراق دەجوڵێن.
کۆکردنەوەی ئەو هێزانە و هێنانیان بۆ ناوچە سنورییەکانی عێراق لەکاتێکدایە، متمانە بەسوپا و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لاوازە، بۆیە هێزە شیعەکان هەزاران چەکداری خۆبەخشیان ناونوسکردووە.
ئامادەکردنی هەزاران خۆبەخش لەلایەن لایەنە شیعەکانەوە بەناوی ئامادەکارییە بۆ کاتی ئاڵۆزی، تا ئەو هێزانە بەرگری لەشوێنە پیرۆزەکان و ناوچە شیعەکان بکەن.
ئەنجام
ئامادەکردنی ئەو هێزانە بەشێکە لەپلانێکی گەورەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دژی دەسەڵاتی شیعە لەعێراق، بۆیە جوڵاندنیان بە ئاراستەی عێراق گرێدراوە بە هاوکێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانەوە.
وەکچۆن ئەو هێزانە بۆ هێرشکردنە سەر عێراق ئامادەکراون، لەئەگەری گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان و نەرمی نواندنی لایەنە شیعەکان، بەدوور نازانرێت ئاراستەی هێزەکانی سەر سنور وەرچەرخێنرێت.