شرۆڤهكارێكى تورك: پێویستە تورکیا هاوشێوەی ئەڵمانیا پێشوازیى لە مەزڵوم عەبدی بکات
١٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٤٥ پێش نیوەڕۆ
پهنجهره
شرۆڤەکاری ناوداری تورک ڕایگەیاند، بەشداریی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ شاندی فەرمیی دیمەشق، نیشانەی "دانپێدانانی نێودەوڵەتییە بە واقیعی کورد لە سووریا"، داواشى كرد له توركیاش پێشوازییان لێبكرێت.
ئایدن سیزەر، به ڕۆژنامهى "جمهوریهت"ـى توركی وتووه: کورد لە سووریا تێنەشکاوە و ئێستا پێگەیەکی شەرعیی نێودەوڵەتییان هەیە، ئەمەش تورکیای نیگەران کردووە.
ئەو جەختی کردەوە کە پێویستە تورکیا لە جیاتی نیگهرانى و ناوزەدکردنیان بە "تیرۆریست"، هەنگاوی بوێرانە بنێت و هاوشێوەی ئەو پێشوازییەی لە ئەڵمانیا لێیان کرا، بانگهێشتی تورکیایان بکات.
بە بڕوای سیزەر، پێویستە ئەنقەرە "مێزێکی گفتوگۆ" بۆ مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد ڕێکبخات، چونکە ئەمە هەم خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیا دەکات و هەم لە داهاتوودا دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندییەکی ئابووریی بەهێز لە نێوان تورکیا و ناوچە کوردییەکانی سووریا.
ئهم قسانه لهكاتێكدایه كه كۆنفرانسی میونخ بۆ ئاسایش لە ئەڵمانیا، بووە سەکۆیەک بۆ دەرکەوتنی جیاوازی شاندی هەسەدە. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، وەک بەشێک لە شاندی فەرمیی سووریا و لە تەنیشت وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد.
بەشداریی شاندی هەسەدە لە ئەڵمانیا بە "سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی گەورە" وەسف کرا؛ شاندەکە زنجیرەیەک دیداری فهرمی گرنگیان لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە و چەندین سیناتۆری ئەمریکی ئەنجامدا. ئهمه جگه لهوه له پهراوێزدا لهگهڵ ئیمانیۆل ماكرۆنى سهرۆكى فهرهنسا و چهندین سهركردهى دیكهدا كۆبوونهوه.
هاوكات دیپلۆماتکارانی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی دیدارەکان و وەسفکردنی بە "دەستپێکێکی نوێ"، دانیان بە شەرعییەتی سیاسیی هەسەدەدا نا، لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەی سووریاش لە کۆنفرانسەکەدا هەسەدەی بە "شەریک" نەک "دوژمن" ناوبرد.