ئەنجومەنی سیاسی حزبەکان؛ دەرەچەیەک بۆ چارەسەرکردنی پەرتەوازەیی یاخود مەتبەخێک بۆ شەلەل کردنی دامەزراوەکان

١٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٤٦ پێش نیوەڕۆ

ئەنجومەنی سیاسی حزبەکان؛ دەرەچەیەک بۆ چارەسەرکردنی پەرتەوازەیی یاخود مەتبەخێک بۆ شەلەل کردنی دامەزراوەکان

پەنجەرە

دوای کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و پێشکەشکردنی پرۆژەیەک لەلایەن محەمەد حاجی مەحمودەوە، جارێکی تر دروستکردنی ئەنجومەنی سیاسی حزبەکان بووە باسی گەرمی میدیا.


ئەنجومەنی حزبەکان؛ چەتری کۆکەرەوە یاخود دەروازەیەکی تر بۆ ناکۆکی

پسپۆڕێکی بواری یاسا ئاماژە بەوەدەکات، بوونی ئەنجومەنێک کۆکەرەوەی هەموو حزبە سیاسییەکان بێت بۆ ئەم دۆخە هەستیارە گرنگە، بەڵام نابێت ئەنجومەنەکە پەکخەری دام و دەزگا فەرمی و یاساییەکان بێت.

چۆمان محەمەد، پسپۆڕ لەبواری یاسا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لەم دۆخە پڕ لە پەرتەوازییەی کورد کە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دوورن لەیەکترییەوە و حزبە دەسەڵاتدارەکانیش ناکۆکن، گرنگە جێگەیەک هەبێت حزبەکان لێی دابنیشن و گفتووگۆ بکەن.

دەشڵێت: ئەنجومەنی سیاسی حزبەکان پێویستییەکی قۆناغەکەیە، بەڵام دەبێت ببێتە هۆی بەهێز کردنی دامەزراوەکان نەک شەلەل کردنیان.


ئەنجومەنی حزبەکان؛ لەنێوان سیاسەت و یاسادا 

بەپێی وتەی چۆمان محەمەد، ئەنجومەنی سیاسی حزبەکان سیفەتی فەرمی و یاسایی نییە، ئەمە دەوەستێتەوە سەر چۆنیەتی دروستکردنی ئەنجومەنەکە بەوەی لەپەرلەمان سیفەتی فەرمی پێدەدرێت یاخود خۆیان پەیڕەوێکی ناوخۆ بۆ خۆیان دادەنێن.

چۆمان محەمەد وتی: ئەگەر ئەنجومەنەکە نەبرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر نەدرێت سیفەتی فەرمی نابێت، وەکچۆن چوارچێوەی هەمانگی بڕیاری سیاسی دەدات، بەڵام پەرلەمان و دامەزراوەکان ئیشی خۆیان دەکەن، واتە ئەنجومەنەکە وەکو دامەزراوەیەکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

وتیشی: ئەنجومەنەکە دەبێتە مەتبەخێکی سیاسی بۆ کۆکەرەوەی حزبەکان و دەرکردنی بڕیاری سیاسی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو