پارتی و یەکێتی هەنگاوی نوێ دەنێن؛ ئایا مەسرور و بارزانی و قوباد تاڵەبانی گرێ کوێرەی نێوان هەردوو حزبیان پێدەکرێتەوە؟

١٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٤٨ پێش نیوەڕۆ

پارتی و یەکێتی هەنگاوی نوێ دەنێن؛ ئایا مەسرور و بارزانی و قوباد تاڵەبانی گرێ کوێرەی نێوان هەردوو حزبیان پێدەکرێتەوە؟

پەنجەرە 

کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەدوادا هات، چاوەڕوان دەکرێت گفتووکان بەردەوامییان پێبدرێت.


کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بۆ؟

لەکۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دا، لێکتێگەیشتن روویداوە و بڕیاری ئەنجامدانی رێککەوتن دراوە، بۆیە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی زەمینەسازیی پێش چوونە نێو وردەکاری گفتووگۆی نێوان هەردوو حزبە.

ناکۆکی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە نێو حکومەت سەرچاوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانیانە، بۆیە زەمینە سازی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی هەنگاوی سەرەتایە.

مەسرور بارزانی لەلایەن یەکێتییەوە بە کێشە دروستکەر و سەرچاوەی ناکۆکی نێو حکومەت تۆمەتبار دەکرێت، بۆیە بافڵ تاڵەبانی لەکۆبوونەوەی چوارشەممەی رابردوودا،لای مەسعود بارزانی گلەیی لێکردبوو.

دروستبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوانیان، بەهەنگاوی سەرەتا بۆ رێککەوتنی نێوان هەردوو حزب و کردنەوەی گرێ کوێرەکان دادەنرێت.


پارتی و یەکێتی قوڵتر دەبنەوە

دوای کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، یەکێتی ئامادەکاری بۆ گفتووگۆ و دانوستانی قوڵتر لەگەڵ پارتی دەکات، ئەمەش بەمەبەستی گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم.

سەرۆکی پارتی و یەکێتی لێکتێگەیشتن لەنێوانیان دروستبووە و بڕیاری رێککەوتنیان داوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لەمەودوا هەردوولا گفتووگۆی زیاتر لەسەر کۆی کێشەکانی نێوانیان بکەن.


نەوەی نوێ لەنێوان بەرداشی یەکێتی و پارتیدا

نەوەی نوێ لەگەڵ یەکێتی چووەتە نێو رێککەوتن یاخود لێکتێگەیشتنەوە، لەکاتێکدا بەشێک نییە یاخود بەشداری پێنەکراوە لە گفتووگۆی نێوان پارتی و یەکێتیدا.

نەوەی نوێ خواستی بەشداریکردنی لەحکومەتی هەرێم هەیە، بەڵام بەشداریکردنی لەحکومەت لەسەر رای پارتی و چۆنیەتی بەشداری پێکردنەکەی دەوەستێتەوە.

هێشتا روون نییە بەشداریکردنی نەوەی نوێ لە حکومەت سەردەگرێت یاخود نە، بەڵام ئەوە روونە پارتی نایەوێت بەیەک تیم لەگەڵ یەکێتی دانوستانیان لەگەڵ بکات.

ئەمڕۆ سێشەمە، شاسوار عەبدولواحید پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی کرد، پێدەچێت هۆکاری دیدارەکە پەیوەندی بەدانوستانی نێوان پارتی و یەکێتی، هەروەها خواستی یەکێتییەوە هەبێت بۆ بەردەوامیدان بە رێککەوتنی نێوانیان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو