ئیسرائیلی دوێنێ و ئەمڕۆ؛ لە بەشداریکردن لە پیلانی دەستگیرکردنی ئۆجەلانەوە بۆ کێبڕکێی تورکیا
١٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٤٩ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئیسرائیل ئەو وڵاتەی ساڵانێک دۆستی تورکیا و نەیاری کورد بوو، ئێستا هاوکێشەکانی ناوچەکە بەجۆرێک گۆڕاوە دووچاری پێکدادان بووە لەگەڵ تورکیا و خۆی وەکو هاوسۆز لەگەڵ کورد پیشان دەدات.
ئیسرائیل وەک بەشێک لە پیلانە گەورەکە
کاتێک لەساڵی 1999 عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەکەکە دەستگیرکرا، موسادی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرا بەوەی هاوشانی میت و سی ئای ئەی بەشداربووە لە پیلانی دەستگیرکردنیدا.
نەجات بلیجان، سەرۆکی دەزگا هەواڵگیری تورکیا، پێشتر بەشداریکردنی موسادی لە دەستگیرکردنی ئۆجەلان نەشاردەوە و رایگەیاند: موسادی ئیسرائیلی بۆ دەستگیرکردنی ئۆجەلان هاوکاریکردووین.
هەندێک لە سەرچاوەکان ناکۆکی نێوان پەکەکە و ئیسرائیل بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگێڕنەوە، گوایە پەکەکە هاوشانی سوپای سوریا و لوبنان و رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستینی شەڕی دژی ئیسرائیل کردووە.
ئەوکاتەی ئۆجەلان دەستگیرکرا پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لە ئاستێکی بەرزدا بوو، بۆیە هاوکاریکردنی موساد بۆ دەستگیرکردنی ئۆجەلان بەشێکی پەیوەندی بە باشی نێوانیانەوە هەبێت، بەشێکیشی بۆ تۆڵەکردنەوەی ئیسرائیل دەگێڕدرێتەوە.
مستەفا قەرەسوو، سەرکردەی باڵای پەکەکە دەڵێت:پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و پەکەکە هەر لە سەرەتاوە باش نەبووە.
دەشڵێت: ئیسرائیل بەشداربوو لە پیلانی دەستگیرکردنی ئۆجەلان دا، بەڵام تاکە وڵاتی جێبەجێکاری پیلانەکە نەبوو.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 27 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنیدا، پێناچێت ئۆجەلان ئێستاش هاوڕابێت لەگەڵ دروستبوونی لینکی پەیوەندی لەنێوان پەکەکە و ئیسرائیل دا.
کاتێک ئۆجەلان دەستگیرکرا، پەیوەندی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بەهێزبوو، پەکەکەش دۆستی ئیسرائیل نەبوو، بەڵام لەئێستادا دۆخەکە بەجۆرێک گۆڕاوە ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا ناکۆکە و خۆی بەدۆستی هەسەدەی درێژکراوەی پەکەکە دادەنێت.
ئیسرائیل؛ نەیاری دوێنێ و هاوسۆزی ئەمڕۆ
هەرچەندە پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و تورکیا بەتەواوەتی نەپچڕاوە، بەڵام لەسەردەمی ئەردۆغاندا پەیوەندی نێوان ئەو دوو ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر ئاڵۆزبووە.
دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، بەرژەوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لەسەر خاکی سوریا دووچاری پێکدادان بوو، ئەمەش وایکرد نێوانیان زیاتر ئاڵۆز ببێت.
ئەجێندای تورکیا و ئیسرائیل لە سوریا ناکۆک و دژ بەیەکە، بەتایبەت تورکیا پشتگیری سوریایەکی ناوەندی بەهێز و ئیسرائیلیش ئەمە مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەی دەزانێت، بۆیە تورکیا پاڵپشتیکاری شەرع و ئیسرائیلیش وەکو نەیار لێیدەڕوانێت.
بەپێچەوانەی تورکیا ئیسرائیل لەگەڵ سوریایەکی ناوەندی بەهێزدا نییە، بەڵکو لەگەڵ سوریایەکی پارچە پارچەبووی لاوازدایە، ئەمەش وایکردووە دژی هەنگاوەکانی تورکیا و پاڵپشتی لە هەسەدە بکات.
هەسەدە کە وەکو درێژکراوەی پەکەکە لێیدەڕوانرێت کە موساد دەستی هەبوو لە دەستگیرکردنی رێبەرەکەیدا، بەڵام گۆڕانی هاوکێشەکانی ناوچەکە وایکردووە ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ کورددا یەکانگیربێت.
ئەگەر تێکچوونی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئیسرائیل وەکو دوو زلهێزی ناوچەکە گرێدراو بێت بە شەڕی هەژموون و بەرژەوەندییە گەورەکانی نێوانیانەوە، ئەوا پشتگیریکردنی لە هەسەدە ترسە لە ئاسایشی داهاتووی وڵاتەکەی و بوونی سوریایەکی لاواز و پارچە پارچە.