لیسنی گراهام؛ لەنێوان پاڵپشتیکردنی کورد و راگرتنی دڵی تورکیادا
١٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٥٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لینسی گراهام، سیناتۆری ئەمەریکی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، دوای پێشکەشکردنی پرۆژە یاسای "پاراستنی کورد" ـو بەرگریکردنی لە هەسەدە، ناوی چووە پاڵ ئەو سیاسەتمەدارە نێودەوڵەوتییانەی بەدۆستی کورد ناسراون.
هەڵوێستەکانی گراهام لەنێوان کورد و تورکیادا ناوبەناو گۆڕانکاری بەخۆوە دەبینێت، زۆرجار پاڵپشتی لە بەرژەوەندییەکانی کورد دەکات، بەڵام پشتیش لە تورکیا و بەرژەوەندییەکانی ناکات.
دوای بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی میونخ، لینسی گراهام پاڵپشتیکردنی زیاتری بۆ هەسەدە دووپاتکردەوە و جەختی لەسەر ئەوەکردەوە ئەمەریکا دەستبەرداریان نابێت.
لەگەرمەی شەڕی نێوان دیمەشق و هەسەدەدا، ئەوکاتەی نائومێدی باڵی بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا کێشابوو بەهۆی بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، گراهام بە پێشکەشکردنی پرۆژە یاسای"پاراستنی کورد" دۆخەکەی لە نائومێدییەوە گۆڕی بۆ ئومێد و هیوا.
لەکاتێکدا تۆم بارام نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بەکۆتایی هاتنی رۆڵی هێزەکانی هەسەدە کوردی گەیاندە لێواری نائومێدی، لەپڕ گراهام دۆخەکەی پێچەوانە کردەوە کاتێک ئەو هێزەی بە هاوپەیمانی ئەمەریکا لەشەڕی داعش ناوبرد و جەختی لەسەر پاراستنیان کردەوە.
گراهام تەنها بە گوتاری پاڵپشتیکردنی کوردەوە نەوەستا، بەڵکو هەڕەشەی سەپاندنەوەی سزای قەیسەری بەسەر دیمەشق و هۆشداریشی بە تورکیا و سعودیە دا سەبارەت بە هێرشەکانی سەر کورد.
هەڵوێستەکانی گراهام سەبارەت بە کورد نوێ نین، بەڵکو لە ساڵی 2024ـیش داوای لە وڵاتەکەی کرد رێگری لە هێرشی تورکیا بۆ سەر هێزە کوردییەکان لەسوریا بکات، هۆشداریشیدا لەبارەی هەڵهاتنی چەکدارانی داعش لە گرتووخانەکان.
ئەگەرچی گراهام بەم دواییانە وەکو پاڵپشتیکارێکی گەورەی هەسەدە هەنگاوی نا، بەڵام ناوبەناو بێ دڵی تورکیاش ناکات و لەبەرژەوەندی ئەو وڵاتەش قسە دەکات، ئەمەش زیاتر لە هەڵوێستەکانی ساڵی 2019ـەیدا دەردەکەوێت.
ساڵی 2019، گراهام رایگەیاند: پێشنیاری بۆ ترەمپ کردووە کێشەکان لەگەڵ ئەنقەرە چارەسەر بکرێن، بەدوورخستنەوەی هێزەکانی هەسەدە لە مەنبەج بەجۆرێک لای تورکیا قەبوڵکراو بێت.
گراهام وتی: هێزە کوردییەکان یارمەتیدەرمان بوون لەشەڕی داعش و لە نیگەرانییەکانی تورکیاش تێدەگەم، راگرتنی هاوسەنگی قورسە، بۆیە نامانەوێت دەستبەرداری هاوپەیمانە شەڕکەرەکانمان لەدژی داعش ببین ولە نیگەرانی تورکیا لەهەندێک هێزی ناو هەسەدەش تێدەگەم.
داواشی لە ئەمەریکا کرد، رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ دڵنیاکردنەوەی تورکیا بەوەی دۆخی سوریا مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی نابێت.
هەر لە ساڵی 2019، لینسی گراهام وتی: شکستهێنانی داعش و رێگرتن لە سەرکەوتنی ئێران، هەروەها پاراستنی تورکیا بۆ ئەمەریکا گرنگە.
ئەگەرچی هەڵوێستەکانی پێشووتری گراهام بەرامبەر تورکیا جۆرێک لە کاریگەری دۆخی ئەوکاتی ناوچەکەی پێوە دیارە، بەڵام هەڵوێستەکانی ئێستای تا ڕادەیەک یەکلایی کەرەوەیە بۆ پاڵپشتیکردنی کورد بەوپێیەی هەنگاوی کرداری بۆ نا.