ئایا پۆستی سوپاسالاری عێراق پشکی کوردە؟

١٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٢٩ پاش نیوەڕۆ

ئایا پۆستی سوپاسالاری عێراق پشکی کوردە؟

پەنجەرە

دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە، لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە متمانە بە عەبدولئەمیر یارەڵا درایەوە بۆ بەردەوامبوون لە پۆستی سوپاسالاری عێراق، جارێکی تر مشتومڕ سەریهەڵدایەوە لەسەرئەو پۆستانەی پشکی کوردن لەعێراق.


پێکهاتەی وەزارەتی بەرگری 

پۆستە گرنگەکانی وەزارەتی بەرگری عێراق بریتین لە، وەزیر ، ئەمینداری گشتی وەزارەت و سوپاسالاری عێراق، بەپێی رێککەوتن دەبێت ئەو پۆستانە بەسەر پێکهاتەکاندا دابەش بکرێن.

لەئێستادا پۆستی وەزیری بەرگری لای عەرەبی سونەیە و سابت عەباسی وەزیرە، هەروەها پۆستی سوپاسالاری عێراق لای شیعەیە و دوێنێ متمانە بە عەبدولئەمیر یارەڵا درایەوە، لەکاتێکدا پۆستی ئەمینداری گشتی وەزارەتیش لای فەریق "شوان مزهر رەواندزی"یە کە پارتییە.

سێ پۆستە گرنگەکەی وەزارەتی بەرگری عێراق بەسەر پێکهانەکاندا دابەشکراون و هەر پۆستە و لای پێکهاتەیەکە، بەمپێیە پۆستی سوپاسالاری عێراق کە هەڵای لەسەر دروستبوو پشکی کورد نەبووە.


سوپاسالاری عێراق

پۆستی سوپاسالاری عێراق، لە ساڵی 2003ەوە تا ساڵی 2015 لای کورد بووە و بابەکر زێباری لەو پۆستەدا بووە، بەڵام لەساڵی 2015 زێباری لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوكاتی عێراقەوە خانەنیشین کرا.

ئەوکاتەی بابەکر زێباری سوپاسالای عێراق بووە، پۆستی ئەمینداری گشتی وەزارەتی بەرگریش هەر لای کورد بووە، بەمپێیە کورد دوو پۆستی لە سێ پۆستە گرنگەکەی ئەو وەزارەتە لابووە.

بۆیە عوسمان غانمی کرایە سوپاسالاری عێراق لە دوای خانەنیشین کردنی بابەکر زێباری، غانمی تا ساڵی 2020 لە پۆستی سوپاسالاردا مایەوە، دواتر عەبدولئەمیر یارەڵا وەک سوپاسالاری عێراق دەستنیشانکرا.

هەرچەندە پێشتر دەنگۆی خانەنیشین كردنی یارەڵا بڵاوبوویەوە، بەڵام دوێنێ سێشەمە لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێدرایەوە بۆ ئەوەی لە پۆستەکەی بەردەوام بێت، ئەمەش ناڕەزایەتی کوردی لێکەوتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو