دانیشتوانی کەمپی مەخمور بۆ پەنجەرە: دوو مانگ جارێک بڕێکی کەم خۆراکمان پێدەدرێت و لەڕووی بژێوییەوە لە دۆخێکی خراپداین 

١٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٣١ پاش نیوەڕۆ

دانیشتوانی کەمپی مەخمور بۆ پەنجەرە: دوو مانگ جارێک بڕێکی کەم خۆراکمان پێدەدرێت و لەڕووی بژێوییەوە لە دۆخێکی خراپداین 

پەنجەرە

ئەندامێکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەمپی مەخمور دەڵێت، هەڵسوکەوتی حکومەتی عێراق بەرامبەر دانیشتوانی کەمپی مەخمور پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی پەنابەرانە، داوا لە عێراق دەکات کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات.

بێوار ئەمین، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەمپی مەخمور، بە پەنجەرەی راگەیاند: دوو ساڵە ئیقامە بۆ دانیشتوانی کەمپی مەخمور نوێ نەکراوەتەوە، دۆخی کەمپەکە لەڕووی تەندروستی و پەروەردەیی و بژێوییەوە خراپە.

دەشڵێت: بۆ ئەوەی لە کەمپەکە بچینە دەرەوە دەبێت دوو رۆژ پێشتر رەزامەندی وەربگرین و ئاستەنگمان بۆ دروست دەکرێت، حکومەت دوو مانگ جارێک بڕێکی کەم خۆراکمان پێدەدات، بۆیە لەڕووی بژێوییەوە لەدۆخێکی خراپداین.

بەبڕوای دانیشتوانی کەمپی مەخمور، تورکیا لەپشت ئەو فشارانەوەیە کە حکومەتی عێراق لەسەری دروستکردوون، بۆیە داوای بەهاناوەچوون دەکەن.

بێوار ئەمین وتی: لەوەتەی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئۆجەلان و تورکیا هاتووەتە ئاراوە بۆردومانی فڕۆکە بۆ سەرمان نەماوە، بەڵام دۆخە ئابورییەکەمان زۆر خراپە.

وتیشی: پەکەکە لەنێو کەمپی مەخمور بوونی نییە و ئەوان لە قەندیلن، راستە دانیشتوانی کەمپەکە لەڕووی فیکرییەوە لە پەکەکەوە نزیکن، بەڵام ئێمە پەنابەرین و مافمان هەیە.
کەمپی مەخمور، لە ساڵی 1998 دامەزرێنراوە و نزیکەی 9 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن.

دانیشتوانی کەمپەکە لەلایەن تورکیاوە وەکو کادیر و ئەندامی پەکەکە لێیان دەڕوانرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو