شەوێکی "تاریک" لە یاریگای "نوور"؛ ڕەگەزپەرستی لە لوتکەی لشبۆنە
١٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٣٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بردنەوەی یانەی ڕیال مەدرید بە ئەنجامی (١-٠) لە یاریگای "نوور"ـی بەنفیکای پورتوگالی لە چوارچێوەی یارییەکانی چوونی پاشکۆی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، نەبووە هەواڵی یەکەمی میدیاکان، بەڵکو ئەوەی بووە سەرباس، پرسی ئەنجامدانی کاری قێزەونی ڕەگەزپەرستی بوو بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەڕازیلی.
ئەم ڕودداوە، جارێکی تر دۆسیەی ڕەگەزپەرستی و ڕق و کینەی لە یاریگاکاندا گەرمکردەوە.
چرکەساتی تەقینەوەی ڕووداوەکە
لە خولەکی ٥٠ـی یارییەکەدا، ڤینیسیۆس جۆنیۆر، یاریزانی بەڕازیلی یانەی ڕیاڵ مەدرید، تاقە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد.
ڤینیسیۆس بە سەما بەناوبانگەکەی لەبەردەم هاندەرانی بەنفیکا ئاهەنگی گێڕا، بەڵام "فرانسوا لیتکسێر"ـی ناوبژیوانی فەرەنسی ئەمەی وەک ئیستفزاکردن ئەژمارکرد و کارتی زەردی ڕووبەڕوو کردەوە.
دوای کارتەکە، دەمەقاڵێ لەنێوان ڤینیسیۆس و جیانلوکا بڕێستیانی، یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی بەنفیکا (ژمارە ٢٥) دروستبوو.
کامێراکان بڕێستیانییان دەرخست کاتێک بە درێسەکەی دەمی داپۆشیبوو و قسەی ئاڕاستەی ڤینی دەکرد. یاریزانە بەڕازیلییەکە یەکسەر بەرەو ناوبژیوان چوو و ئاماژەی بەوەدا کە بڕێستیانی پێنج جار لەسەریەک وشەی "مەیموون"ـی پێ وتووە.
ناوبژیوان پابەندبوو بە پرۆتۆکۆلە توندەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (UEFA) و یارییەکەی بۆ ماوەی ١٠ خولەک ڕاگرت. یاریزانان چوونە لای کورسی یەدەگی تیپەکانیان و کەشێکی پڕ لە گرژی درووستبوو.
سەرەنجام ناوبژیوان یارییەکەی دەستپێکردەوە، دوای ئەوەی ڤار (سیستەمی چاودێریی ڤیدیۆیی یارییەکان) نەیتوانی ئەوە بسەلمێنێت کە یاریزانەکە وشەی ڕەگەزپەرستانەی بەکارهێناوە، بەوهۆیەی بە تیشێرتەکەی دەمی داپۆشیبوو.
هەڵوێست و پەرچەکردارەکان
ڕووداوەکە پاش یارییەکە، بوو بە مایەی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی زۆر.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام نووسی: "ڕەگەزپەرستەکان ترسنۆکن، دەمیان بە درێسەکانیان دادەپۆشن بۆ ئەوەی بێهێزییان بشارنەوە."
یانەی ڕیال مەدریدیش لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی ئەو "هێرشە نزمە"ـیان کرد و دوپاتیان کردەوە کە تیمەکە خەریک بوو بە تەواوی بکشێتەوە لە یارییەکە.
لەبەرامبەردا یانەی بەنفیکا و یاریزانە تۆمەتبارکراوەکەی (برێستیانی)، ڕەتیانکردەوە هیچ وشەیەکی ڕەگەزپەرستی بەکارهێنابێت.
ئەمڕۆش لەبەیاننامەیەکدا یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (UEFA) ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی دەستپێکردووە و پشت بە ڕاپۆرتی ناوبژیوان و چاودێریی یارییەکە دەبەستن.
لایخۆشییەوە، ڕۆی کین، یاریزانی پێشوو و شیکەرەوەی وەرزشی، ئەم ڕووداوەی بە "شەرمەزارییەکی گەورە لە ساڵی ٢٠٢٦" وەسفکرد.
ئەمە سەرباری ئەوەی چەندین یاریزانی ئێستا و پێشوو دژ بە ڕووداوەکە قسەیان کرد.
ڕێکارەکانی فیفا و یوفا؛ ئایا بەس نین؟
هەردوو یەکێتییەکە لەبەرامبەر حاڵەتەکانی ڕەگەزپەرستی، پرۆتۆکۆلی "سێ هەنگاو" پەیڕەو دەکەن: (ئاگادارکردنەوە، ڕاگرتنی کاتی، هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە). بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئەم دیاردەیە بەردەوامە؟
بەڕای شرۆڤەکاران، هۆکارەکەی بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:
لاوازی سزاکان: زۆربەی سزاکان تەنها دارایین یان داخستنی بەشێکی یاریگا، کە کاریگەرییان لەسەر خودی "تاوانبارەکە" نییە.
قورسیی سەلماندن: داپۆشینی دەم لەلایەن یاریزانانەوە (وەک ئەوەی بڕێستیانی کردی) وادەکات تەکنەلۆژیای ڤار (VAR) نەتوانێت وشەکان بە وردی تۆمار بکات.
ژینگەی کۆمەڵایەتی: یاریگاکان ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگان؛ تا ئەو کاتەی گوتاری ڕق و کینە لە شەقامەکاندا هەبێت، دەگاتە ناو یاریگاکانیش.
نەبوونی بوێری لە جێبەجێکردندا: زۆر دەگمەن دەگاتە قۆناغی سێیەم (هەڵوەشاندنەوەی یاری)، ئەوەش لەبەر ترسی یانەکان و یەکێتییەکان لە زیانی دارایی و مافی پەخش.
ڕەگەزپەرستی؛ شێرپەنجەیەک لە جەستەی تۆپی پێدا
بردنەوەکەی ڕیال مەدرید، تەنها بردنەوەی یانەیەک بوو، بەڵام ڕووداوەکەی ڤینیسیۆس (کە زۆرێک پێیانوایە ڕەگەزپەرستی تێدا ڕوویداوە) شکستێکی ئەخلاقی بوو کە زۆر لەوە گەورەتر بوو بە ئەنجامێکی وەرزشی قەرەبوو بکرێتەوە.
ئەم ڕووداوە جەخت لەوە دەکاتەوە ڕەگەزپەرستی لە هاواری هاندەرانەوە گۆڕاوە بۆ پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەنێوان یاریزانەکاندا.
شەوی لشبۆنە سەلماندی تۆپی پێ هێشتا لە جەنگێکی دژواردایە لەگەڵ ڕەگەزپەرستی.