کوێستان محەمەد: ماددەی هۆشبەر لە تیرۆر مەترسی زیاترە بۆ هەرێمی کوردستان

١٩ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٥٢ پێش نیوەڕۆ

کوێستان محەمەد: ماددەی هۆشبەر لە تیرۆر مەترسی زیاترە بۆ هەرێمی کوردستان

پەنجەرە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان و بە "ترسناکتر لە تیرۆر" وەسفی کرد.

کوێستان محەممەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "پرسی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان ئێستا لە دۆخێکی مەترسیداردایە...بە بڕوای من مەترسی ماددەی هۆشبەر زیاترە لە مەترسی تیرۆر چونکە هێواش هێواش گەنجەکانمان دەکوژێت...بۆیە دۆخەکە بە جۆرێکە پێویستی بە کاری جدی هەیە."

بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا نزیکەی هەزار و 600 سزادراوی ماددەی هۆشبەر لە زیندانەکانی هەرێمدا هەن؛ لەو ژمارەیە، هەزار و 110 کەسیان بازرگانی ماددەی هۆشبەرن، وە 650 کەسیان بەکارهێنەرن.

کوێستان محەمەد بە دەنگی ئەمەریکای وت، "یەک لەسەر پێنجی سزادراوان لە وەزارەتەکەی ئێمە لەسەر ماددەی هۆشبەرە، کە بە داخەوە لە ناو ئەو سزادراوانەدا ژن و منداڵیش هەن."

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم ئاماژەی دا، تەمەنی منداڵەکان لە نێوان 11 بۆ 18 ساڵدایە.

وتیشی، "خۆشبەختانە ئێستا لە هەر شەش چاکسازییەکەی ئێمە سەنتەری چارەسەر و شیاندنەوەی ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر هەیە، کە توانیومانە ڕێژەیەکی زۆر باش چارەسەریان بۆ بکەین بە شێوازێک دوای ئەوەی پشکنینی لیک و میز و خوێنمان بۆ کردن، لەشیان بە تەواوەتی پاکبووەتەوە لە ماددەی هۆشبەر."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو