سەرۆکی ئنستتیوتی توێژینەوەی ئەمەریکایی_کوردی بۆ پەنجەرە: ئەگەری وەشاندنی گورزی گەورە و کەمەرشکێن لە ئێران بەهێزە
١٩ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکی ئنستتیوتی توێژینەوەی ئەمەریکایی_کوردی رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئێران بە مەرجەکانی سەرۆکی ئەمەریکا رازی نەبێت، ئەمەریکا لەڕێگەی گورزی سەربازییەوە هەنگاو بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەنێت.
کاروخ خۆشناو، سەرۆکی ئنستتیوتی توێژینەوەی ئەمەریکایی_کوردی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: مەرجەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئێران دەستبەرداربوونیەتی لە چەکی ئەتۆم، هەروەها دەستبەرداربوونیەتی لەهێزە میلیشیاکان و ساروخە بالیستییەکانی، ئەگەر ئێران بە مەرجەکان رازی ببێت سیحری کۆماری ئیسلامی بەتاڵ دەبێتەوە و تەواو لاواز دەبێت.
دەشڵێت: هێنانی ئەو هەموو هێزە لەلایەن ئەمەریکاوە بودجەیەکی زۆر لەسەر ئەو وڵاتە دەکەوێت، بۆیە ئەگەر ئێران رازی نەبێت بە مەرجەکان ئەوا لەماوەی 10 رۆژی داهاتوودا هەنگاوی لەدژ دەنرێت.
بەپێی وتەی سەرۆکی ئنستتیوتی توێژینەوەی ئەمەریکایی_کوردی، ئێران کەوتووەتە نێو دوو بەرداشەوە بەرداشی رازینەبوون بە مەرجەکان و لێدانی گورزی سەربازیی خێرا و کەمەرشکێن، یان رازیبوون بە مەرجەکان و لاوازبوونی لەناوچەکەدا.
کاروخ خۆشناو وتی: ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران بەهێزترە، ئەمەش لەپێناو دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل و گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.