د.سەردار عەزیز بۆ پەنجەرە: ئەو هەموو هێزەی ئەمەریکا کە رەوانەی ناوچەکە کراوە دەبێت شتێک رووبدات
٢١ شوبات ٢٠٢٦ - ١:٣٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، ئەگەر بەشێوەیەکی تەقلیدی لە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بڕوانین و ئەو هەموو هێزە رەوانەی ناوچەکە کراوە، دەبێت رووداوێک رووبدات ئەگەر روونەدات جارێکی تر ناردنی هێز بایەخی نامێنێت.
د.سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ترەمپ لەنێوان دوو فشاردایە، فشاری تورکیا و وڵاتانی کەنداو کە نایانەوێت شەڕ رووبدات، هەروەها فشاری ئیسرائیل کە داوای شەڕ دەکات.
دەشڵێت: ئێران هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی خۆی لەلێدان بپارێزێت، ترەمپیش دڵنیا نییە لەوەی بەلێدانی گورزێکی خێرا لە ئێران چی بەدەست دەهێنێت، بەڵام جەماوەری ترەمپ لەگەڵ شەڕدا نییە، ترەمپ دەیەوێت شتێک بکات و پێیان بڵێت هەر وڵاتێکمان بوێت ملکەچی دەکەین.
بەپێی وتەی د. سەردار عەزیز، ترەمپ زۆرجار پشت بە دیپلۆماسی بەهێز دەبەستێت، واتە هێز پیشان دەدات و کاری دیپلۆماسی دەکات.