ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران؛ تورکیا و کەنداو لە کێبڕکێی ئێرانەوە بۆ ترس لە هێرشکردنە سەری
٢١ شوبات ٢٠٢٦ - ١:٣٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا ئیسرائیل فشار لە ئەمەریکا دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەڵام تورکیا و وڵاتانی کەنداو لە دۆخی ناوچەکە نیگەرانن و ترسیان لە لێکەوتەکانی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران هەیە.
فاکتەرەکانی پشت مەترسییەکانی تورکیا لە هێرشی سەر ئێران جیاوازە لەو فاکتەرانەی سەرچاوەی مەترسی وڵاتانی کەنداون، بەڵام هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی لێدان لە ئێران کاریگەری خراپی لەسەر ناوچەکە دەبێت.
کەنداو؛ لە ترس لە ئێرانەوە بۆ ترس لە ئیسرائیل
لەکاتێکدا بەدرێژایی چەند دەیەیەک ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو ناکۆک بووە، بەڵام دۆخی ئێران بووەتە سەرچاوەی مەترسی بۆ ئەو وڵاتە عەرەبییانە.
وڵاتانی کەنداو ترسیان هەیە لەوەی لەحاڵەتی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران ئاڵۆزی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت، وڵاتەکانیان ببێتە بەشێک لەو شەڕەی لەنێوان ئێران و ئەمەریکا دێتە گۆڕێ.
ئێران سنورێکی فراوانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەیە، ناسەقاگیری و گەیشنی ئاڵۆزی بە سنورەکانیان سەرچاوەی مەترسییەکی گەورەیە بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی.
جگە لەو ترسەی لە نزیک مەودا و لە لێکەوتەی ئاڵۆزییەکان بەرۆکی گرتوون، وڵاتانی کەنداو ترسیشیان لە بەهێزبوونی زیاتری ئیسرائیل لەناوچەکەدا هەیە لە ئەگەری لاوازتر بوونی ئێران.
لەئەگەری لاوازبوونی زیاتری ئێران، وڵاتانی کەنداو دەبێت لەگەڵ ئیسرائیل دا بسازێن یان دووچاری پێکدادان بن لەگەڵی، لەکاتێکدا ئێستا ئیسرائیل بەهۆی سەرقاڵ بوون بە ئێرانەوە کەمتر دەیپەرژێتە سەر ئەوان.
دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، وڵاتانی کەنداو کەمتر متمانەیان بە ئەمەریکا و ئیسرائیل هەیە، بۆیە لاوازبوونی ئێران لەبەردەم ئیسرائیل دا دەیانخانە بەردەم کۆمەڵێک بژاردەی قورسەوە.
جگە لەو مەترسییانەی لەسەر دۆخی ناوچەکە بەرۆکی گرتوون لە ئەگەری لاوازتربوونی ئێران، وڵاتانی کەنداو بەرچاویان روون نییە لەسەر ئەو رووداوانەی دێنە پێش، ئەمەش وادەکات لە پێشهاتەکان بترسن.
تورکیا؛ ترس لەئاڵۆزبوونی زیاتری ناوچەکە
مەترسییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بۆ دوورمەودا لە لاوازبوونی ئێران و بەهێزتربوونی ئیسرائیل هاوبەشن، بەتایبەت لە غیابی ئێران دا رەنگە ئیسرائیل زووم بخاتە سەر تورکیا.
تورکیا ترسی هەیە لەوەی ئیسرائیل بەهێزتر بێت لەناوچەکەدا و سەرکێشی زیاتر بکات، لەکاتێکدا تورکیا ناتوانێت رێگری لە هەنگاوەکانی ئیسرائیل بکات.
ترسی نزیک مەودای تورکیا لە هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، دروستبوونی ناسەقامگیری ناوخۆی ئێران و گەیشتنی ئاڵۆزییە بە سنورەکانی، بەتایبەت هێشتا دۆخی ناوخۆی سوریا نا سەقامگیرە و مایەی سەرئێشەیە بۆ تورکیا.
لاوازبوونی ئێران لەرووی ئابووریشەوە بۆ تورکیا مایەی گرفتە، بەتایبەت تورکیا لەرووی ئابوورییەوە گرفتارە و ناسەقامگیری لەو وڵاتە دۆخەکەی بۆ قورستتر دەکات.
دۆخی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەناوخۆی تورکیا خراپە و فشاری گەورەی لەسەرە، رووداوەکانی سوریا فشارەکانی سەری قورستتر کردوون و لە ئەگەری ئاڵۆزیدا لە ئێران هێندەی تر دەیخاتە ژێر فشارەوە.