هەڵبژاردنی پارێزگاری سەڵاحەدین؛ لە ڕێککەوتنی ژێربەژێرەوە تا ڕۆڵی پارە و دەنگ کڕین

٢١ شوبات ٢٠٢٦ - ١:٣٧ پاش نیوەڕۆ

هەڵبژاردنی پارێزگاری سەڵاحەدین؛ لە ڕێککەوتنی ژێربەژێرەوە تا ڕۆڵی پارە و دەنگ کڕین

پەنجەرە

لە ١٩ـی شوباتی ٢٠٢٦، ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین پاش ململانێیەکی توند، لە کۆی ٣٢ کاندید کۆتایی بە بنبەستی سیاسی هێنا و (هەیسەم مەحمود زەهوان)ـی بە زۆرینەی ٩ دەنگ لە کۆی ١٥ دەنگی ئەنجومەنەکە بە پارێزگاری نوێ هەڵبژارد، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی بەدر فەحل کە بووە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.


ڕێککەوتنەکان و هاوکێشەی سیاسی

هەڵبژاردنی زەهوان، کە سەر بە هاوپەیمانیی "تەقەدوم"ـە بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسی، دەرەنجامی گۆڕانکاری و ڕێککەوتنی خێرای کاتژمێرەکانی کۆتایی پێش دەنگدانەکە بوو.

ئەنجومەنەکە لە ١٥ کورسی پێکدێت (جەماوەری نیشتمانی ٥، عەزم ٢، تەقەدوم ٢، لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە). ئەم هەنگاوە وەک سەرکەوتنێکی حەلبوسی بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە پارێزگاکانی پشتێنەی بەغدا سەیر دەکرێت، کە تیایدا تەقەدوم توانی بەسەر هاوپەیمانی "عەزم"ـدا سەرکەوێت.


لێکەوتەکان، نیگەرانی و تۆمەتەکان

پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بووە هۆی دروستبوونی درزێکی گەورە لە نێو "ماڵی سوننە"ـدا و چەندین لێکەوتەی بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانە:

تۆمەتی ناپاکیی سیاسی:
هاوپەیمانی عەزم پرۆسەکەی بە "شەوی ناپاکیی سیاسی" وەسفکرد و ڕێکاری سزایی گرتەبەر بەرامبەر ئەو ئەندامانەی خۆی کە پێچەوانەی بڕیاری هاوپەیمانییەکە دەنگیان بە زەهوان داوە. بەتایبەتیش هەستا بە دەرکردنی (شەمائیل عوبەیدیی) ئەندامی ئەنجومەنەکە لە ریزەکانی، بەوهۆیەی دەنگی بە زەهوان داوە.

دەستتێوەردان و پەراوێزخستنی ئیرادەی خەڵک:
ئیبراهیم نامس جبوری، پەرلەمانتاری عەزم، ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنەکە گوزارشت لە ئیرادەی خەڵک و هۆزەکانی سەڵاحەدین ناکات و بەرهەمی دەستتێوەردانی دەرەکییە.

پارەی سیاسی و بەرتیل:
لەناو ناوەندە سیاسییەکاندا تۆمەتی بەکارهێنانی بڕێکی زەبەلاحی پارەی سیاسی بڵاوبووەوە، کە باس لە دابەشکردنی ٢٢.٥ ملیار دینار دەکرێت بۆ کڕینی دەنگەکان، هەرچەندە لایەنە براوەکان ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە.

ڕۆڵ و دابەشبوونی کورد

لایەنە کوردییەکان کە خاوەنی دوو کورسین لە ئەنجومەنەکەدا، ڕۆڵی "سەنگی مەحەک"یان گێڕا لە یەکلاییکردنەوەی پۆستەکەدا، بەڵام ماڵی کوردیش لەم پرسەدا بە تەواوی دابەشبوو.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تاکە نوێنەرەکەی (یاسین محەممەد عەلی داودی) دەنگی بە 'زەهوان'ـدا، لەبەرامبەردا ڕێککەوتنێک کرا بۆ ئەوەی ئەو حزبە ژمارەیەک پۆست لە پارێزگاکە وەربگرێت.

هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە،  نوێنەرەکەی (تارا جەلال داودی) بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد، هۆکارەکەشی بۆ بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان پارتی و هاوپەیمانی "عەزم" گەڕاندەوە، کە نەیاری سەرسەختی کاندیدەکەی حەلبوسی بوون.

بەمشێوەیەش لەنێو دڵخۆشی و نیگەرانی و سەفقەی سیاسی و دەستوەردانی پارە و هێزە دەرەکییەکاندا، پۆستێکی تری حکومی یەکلاکرایەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو