داخستنی گەرووی هورمز کاریگەری لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نابێت
٢٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٣١ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەرچەندە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز سیناریۆیەکی کارەستبارە بۆ ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام داخستنی نابێتە هۆی راگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لەکاتێکدا دەبێتە لەمپەرێکی گەورە لەبەردەم ناردنە دەرەوەی نەوتی عێراق دا.
ئابووریی عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٠٪ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و زۆربەی ڕەهای نەوتەکەشی لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان (لە حاڵەتی ئاساییدا) بە گەرووی هورمزدا تێناپەڕێت، بەڵکو لە ڕێگەی بۆریی نەوتی (کەرکوک-جەیهان)ـەوە بەرەو تورکیا دەڕوات.
بۆیە لە ڕووی لۆجستییەوە گەرووەکە نابێتە ڕێگر لەبەردەم نەوتی هەرێم و ڕەنگە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش سوودمەند ببێت ئەگەر هەناردەکردنی بەردەوام بێت.
محەمەد حسێن، شارەزای بواری ئابووری، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: زۆربەی نەوتی عێراق بە گەرووی هورمزدا رەوانەی دەرەوە دەکرێت، بەڵام نەوتی هەرێم بە تورکیادا هەناردە دەکرێت.
وتیشی: داخستنی گەرووی هورمز عێراق دووچاری قەیرانی گەورە دەکات، چونکە نەوتی هەرێم زۆر کەمە و ناتوانرێت هەناردەکردنی بگەیەنرێتە 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
جەختیکردەوە: عێراق رۆژانە سەرووی 3 ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت هێشتا گرفتی ئابووری هەیە، بۆیە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەبێ نەوتی خوارووی عێراق سودی گەورەی بۆ ئابووری وڵات نابێت.
گەرووی هورمز، ڕێڕەوێکی ئاویی تەسک و ستراتیژییە لە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا، کە کەنداوی "عەرەبی/ فارسی" بە دەریای عومان و زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە. دەکەوێتە نێوان کەناراوەکانی باشووری ئێران و باکووری سوڵتاننشینی عومان.
ئێران ئەم گەرووە وەک کارتی فشارێکی ستراتیژی بەکاردەهێنێت. لە کاتی سەپاندنی سزای قورسی ئابووری، بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، یان هێرشی ڕاستەوخۆی سەربازی، بەرپرسانی ئێران پەیامی ئەوە دەدەن: "ئەگەر نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت، ڕێگە نادەین نەوتی کەسی دیکەش هەناردە بکرێت".
لە ڕووی سەربازییەوە، ئێران خاوەنی بەلەمی خێرا، مینی دەریایی، مووشەکی کەناراوەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە و کۆنتڕۆڵی چەند دوورگەیەکی ستراتیژیی ناو گەرووەکەی کردووە (وەک قشم، هورمز و ئەبو موسا).
بەڵام لەبەرامبەردا، گەرووەکە ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتییە و کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریکا لە بەحرەین جێگیرە بۆ پاراستنی، بۆیە هەر داخستنێکی تەواوەتی بە واتای هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر دێت.