ناکۆکی نێوان ئەحمەد شەرع و ئەحمەد عۆدە رەنگدانەوەی ناکۆکی نێوان سعودیە و قەتەر و ئیماراتە

٢٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٣٥ پێش نیوەڕۆ

ناکۆکی نێوان ئەحمەد شەرع و ئەحمەد عۆدە رەنگدانەوەی ناکۆکی نێوان سعودیە و قەتەر و ئیماراتە

پەنجەرە

دوای هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ کوشتنی، جارێکی تر ناوی "ئەحمەد عۆدە" فەرماندەی لیوای هەشتی سوریا بووە باس وخواسی میدیا، بەوپێیەی ناوبراو بەرکابەری ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا دادەنرێت.

هەرچەندە هۆکاری هێرشەکە بۆ تۆڵەکردنەوەی کۆمەڵایەتی گێڕدرایەوە، بەوپێیەی لە ساڵی 2023 برایەکی هێرشبەرەکان لەلایەن لیواکەی عۆدەوە کوژرابوو، بەڵام هەندێک لە چاودێران بەگومانن لەپاڵنەری پشت هێرشەکە و بەدووری نازانن دەستی سەرۆکی سوریای لە پشتەوە بێت.


ئەحمەد عۆدە کێیە؟

ئەحمەد عۆدە بەکەسایەتییەکی نزیک لەروسیا و بەنەیاری ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا دادەنرێت، خۆی و هێزەکەی لە ساتەوەختی کەوتنی دیمەشق و رووخانی رژێمی ئەسەددا یەکەم هێزبوون چوونە نێو دیمەشقەوە.

عۆدە هاوشانی سوپای سوریای ئازاد شەڕی د۱عـ.،ـش و رژێمی ئەسەدی کردووە، لە ساڵی 2018 لە روسیا نزیک بوویەوە و لیوای هەشتی پێکهێنا، لەوکاتەوە و وەکو کەسایەتییەکی سەربازی بەهێز لە دەرعا دەرکەوتووە و بە پابەند نەبوون بە بڕیارەکانی دیمەشق تۆمەتبار دەکرێت.

هێزەکانی عۆدە دوای ئەوەی وەکو یەکەم هێز چوونە نێو دیمەشقەوە و لەنزیک هەندێک دامەزراوەی گرنگ جێگیربوون، بەڵام دواتر لەو ناوچانە کشانەوە بەرەو دەرعا.

عۆدە و هێزەکەی هەرچەندە هاوشانی دەستەی تەحریر شام شەڕی رژێمی ئەسەدی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەو گروپانە ناکۆکە و پێکەوە بوونیان لەوکاتەدا بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە گەورەکە دەگێڕێتەوە کە رووخانی رژێمی ئەسەد بوو.

هەرچەندە ئەحمەد عۆدە لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع هاوڕا نەبووە، بەڵام ناکۆکی نێوانیان لەوکاتەوە تەقییەوە کە عۆدە پێش هێزەکەی شەرع چووە نێو دیمەشقەوە، هەروەها رووبەڕووی هێزەکەی شەرع بوویەوە و دژی ئەوەبوو حوکمی پارێزگاکانی باشوری سوریا بکات.


ناکۆکی نێوان شەرع و عۆدە رەنگدانەوەی ناکۆکییەکی گەورەتر

لەکاتێکدا سعودیە و قەتەر بەدوو وڵاتی پاڵپشتیکاری سەرۆکی سوریا دادەنرێن، بەڵام ئەحمەد عۆدە زیاتر لە ئیماراتەوە نزیکە و ئەمەش بە هۆکارێکی سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییەکان دادەنرێن، بەوپێیەی ئیمارات لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە ناکۆکە.

"خالد المحامید"ـی بازرگانی سوری نیشتەجێی ئیمارات بە لینکی نێوان هێزەکەی عۆدە و ئیمارات دادەنرێت، هەروەک دەوترێت ئەو وڵاتە پاڵپشتی دارایی عۆدە و هێزەکەی دەکات.

بەپێی وتەی سەرچاوە نزیکەکان لە عۆدە، ئیمارات پێشتر هاوکاریکردوون و دواتر هاوکارییەکەی بڕیووە، هەروەک دان بەوەشدا دەنێن لەلایەن روسیاشەوە پاڵپشتیکراون.

دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن شەرعەوە، سعودیە و قەتەر نێوەنگیری نێوان سەرۆکی سوریا و ئەحمەد عۆدەیان کرد، بۆیە ناوبراو رازیبوو هێزەکانی بخاتە سەر وەزارەتی بەرگری سوریا، بەڵام ئەمە کۆتایی بەناکۆکی نێوان خۆی و شەرع نەهێنا.

کەسە نزیکەکان لە عۆدە بە رۆشنبیر و خاوەن ئیرادە ناوی دەهێنن، هیواخوازن رۆڵی گرنگتری لەسوریا پێبدرێت، ئەمەش بەلای نەیارەکانییەوە مایەی نیگەرانییە کە ئێستا حوکمی دیمەشق دەکەن.

بەپێی وتەی سەرچاوە میدیاییەکان، چەندین جار هەوڵی تیرۆر کردنی ئەحمەد عۆدە لە دەرعا دراوە، بەڵام ناوبراو لە کێبڕکێ کردنی شەرع پاشەکشەی نەکردووە و بووەتە لەمپەرێکی گەورەی بەردەم دیمەشق لەناوچەکانی باشور.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو