هاوکێشەکان دەگۆڕێن؛ ئایا یەکگرتوویی سونە و پەرتەوازەیی کورد کەنداو دەباتەوە بۆ لای سونەکانی عێراق؟
٢٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٣٩ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پەرتەوازەیی سونە و یەکگرتوویی کورد و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ئەو هۆکارەبوو وڵاتانی کەنداو روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، لەئێستادا سونە خۆی رێکخستووەتەوە و کورد پەرتەوازەیە، ئەمە پرسیار لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و کەنداو دروست دەکات.
گرنگی هەرێمی کوردستان بۆ کەنداو
بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن (د. سەردار محەمەد) بۆ دامەزراوەی ڤیژن ئەنجامدراوە، کاتێک سعودیە و ئیمارات بۆیان دەرکەوت لەرێگەی سونەکانی عێراقەوە ناتوانن کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سیاسی دابنێن، بۆیە بایەخیان بە کورد داوە بۆ لاوازکردنی پێگەی مالیکی ئەوکاتەی سەرۆکوەزیران بووە.
بەپێی توێژینەوەکە، ئەوکات وەزارەتی دەرەوەی سعودیە پێشنیاری بۆ پادشای وڵاتەکە کردووە، مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم بانگهێشت بکات، بۆیە دواجار بارزانی لە ساڵانی نێوان 2007 بۆ 2010 سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە. پاشان بارزانی سەردانی ئیماراتیشی کردووە.
دوای تێکچوونی باڵانسی هێز لەبەرژەوەندی ئێران، وڵاتانی کەنداو هەوڵیان داوە سود لە کورد وەربگرن بەوپێیەی سونەکانی عێراق پەرتەوازە بوون و هەرێم سەقامگیرتر بووە.
دوای رووداوەکانی بەهاری عەرەبی کارتی کورد دەبێتە بەشێک لە ستراتیژیەتی هێزی نەرمی سعودیە، بەوەی ئەو وڵاتە هەماهەنگی لەگەڵ ئەکتەرە ناودەوڵەتییەکان و کەمایەتییە ناعەرەبییەکان دەکات.
ئەوکات بەهۆی هەژموونی ئێران و گروپە شیعەکانەوە لە عێراق بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، سعودیە کارتی کورد و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ پارتە کوردییەکان وەک ئامرازێکی ناڕاستەوخۆ دەبینێت بۆگێڕانەوەی هاوسەنگی.
بەم دواییانە سعودیە و ئیمارات لەڕوانگەی سودی ستراتیژی و سیاسی خۆیان لە هەرێم، گەیشتنە ئەو رایەی بوونی قەوارەیەکی بەهێزی فیدراڵی لەناوخۆی عێراق و سونی مەزهەب، دەبێتە هۆی یەکانگیربوونی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئەم هەرێمەدا.
لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی کەنداو و هەرێم پەیوەندییەکانیان سنوردارە بەوپێیەی ناچارن هاوسەنگی لەگەڵ عێراقدا بپارێزن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوورییەکانی ئیمارات لەگەڵ هەولێردا فراوانترە.
حکومەتی هەرێم لەساڵی 2014 مافی چوونە ژوورەوەی بەبێ ڤیزە بەهاوڵاتیانی ئیمارات و قەتەر و کۆیت بەخشی ، لەکاتێکدا تا ئێستا عومان و بەحرەین نوێنەرایەتییان لەهەرێم نییە.
دوای تێکچوونی پەیوەندی نێوان سعودیە و ئیمارات لەسەر یەمەن، دۆخەکان گۆڕدران و ئەو تێڕوانینە دروستبوو، ئەو وڵاتانە یەک سیاسەتی گشتگیریان بەرامبەر عێراق و هەرێم نییە، هەروەها گۆڕانکاری لەناوخۆی عێراقیش ئەنجامەکەی بەلای بەرژەوەندی سونەدا شکایەوە بەوەی ئەوان لەکورد یەکگرتوو تر دەرکەوتن.
بەهێزبوونەوەی سونە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی وڵاتانی کەنداو دروست دەکات بەرامبەر بە هەرێم، چونکە لەئێستادا دەتوانن رۆڵیان بەرامبەر هێزە شیعەکان هەبێت و ململانێیان بکەن.
گرنگی کەنداو بۆ هەرێم
بوونی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بۆ هەرێمی کوردستان پڕ بایەخ دەبێت، چونکە ئەو وڵاتانە جگە لە دەوڵەمەندی و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ناوچەکە، هاوکات پەلیشیان بۆ زۆر وڵاتی تر هاویشتووە.
بەپێی توێژینەوەکە، پەیوەندی نێوان هەرێم و کەنداو لە دوو ڕووەوە گرنگ دەبێت:هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی، زەوی کشتوکاڵی بەپیت، هەروەها وەبەرهێنان لەخانووبەرەش ڕۆڵی پەیدا کردووە، لەکاتێکدا وڵاتانی کەنداو خاوەن توانای دارایی و وەبەرهێنانی بەرچاون، ئەمە دەرفەت بە هاتنی وەبەرهێنەرانی کەنداو بۆ هەرێم دەڕەخسێنێت.
وڵاتانی کەنداو هەنگاو دەنێن بۆ هەمەچەشنکردنی بازاڕەکانیان ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بەڕووی بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمدا، لەمڕێگەیەشەوە دەتوانێت سودمەند بێت لە ئابووری کەنداو.
وەبەرهێنانی کەنداو لەهەرێم بەپێی توێژینەوەکە، کۆمپانیای ( اکرۆتیک-نارکۆ)ـی ئیماراتی، بەڕووبەری 1000 دۆنم زەوی و بە سەرمایەی (2435721) دۆلار پرۆژەی لە زاخۆ هەیە، هەروەها کۆمپانیای (ئۆربیلا-ترۆجان) لەسەر رووبەری (116.59) زەوی و بە سەرمایەی (142865250) دۆلار لە هەولێر پرۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی هەیە.
کۆمپانیای (شەرقولئەوسەت) ی ئیماراتی، لەسەر رووبەری 220 دۆنم زەوی و بە سەرمایەی ( 238435075) دۆلار پرۆژەی نیشتەجێبوونی لەهەولێر هەیە، ئەمە جگە لە پرۆژەکانی تری چەند کۆمپانیایەکی سەربەو وڵاتە لە هەرێم لە بواری بەرهەمهێنانی بۆری پلاستیکی.
هەروەها کۆمپانیای (ئۆ تی سی ) کوێتی کارگەی بەرهەمهێنانی ئاسنی لە دهۆک هەیە، لەسەر رووبەری (4.32) دۆنم زەوی و بە سەرمایەی (10570000) دۆلار.
جگە لەوانە کۆمپانیاکانی ( گۆڵف مار، دنیا، میراک ، چاوی دەوڵەت)ی ئیماراتی بە هاوبەشی چەندین پرۆژەی تریان لە سلێمانی، دهۆک و هەولێر هەیە.