رەزا شا؛ لەنێوان قەبوڵکردن و رەتکردنەوەدا لەلایەن حزبە کوردییەکانەوە

٢٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٤٦ پێش نیوەڕۆ

رەزا شا؛ لەنێوان قەبوڵکردن و رەتکردنەوەدا لەلایەن حزبە کوردییەکانەوە

پەنجەرە

لەکاتێکدا ئێران بەتەواوەتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابڕاوە و دۆخی ئەو وڵاتە لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە تا دێت خراپتر دەبێت، بەڵام هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە پەرتەوازەن و هیچ هەماهەنگییەک لەنێوانیاندا نییە.

حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران هەرچەندە ژوورێکی هاوبەشیان بۆ دیالۆگ هەیە، بەڵام لەسەر چەندین پرسی جیاواز هاوڕانین و گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ رەزا شای پەهلەوی یەکێکە لە خاڵە جیاوازەکانی نێوانیان.


کۆمەڵە؛ گرتنەبەری ئاراستەیەکی جیا

کۆمەڵەی ئێران بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا موهتەدی، یەکێکە لە هێزە کوردییەکانی ئێران کە پەیوەندی لەگەڵ رەزا شای پەهلەوی هەیە، لەکاتێکدا هێزەکانی تر بوونی پەیوەندی رەتدەکەنەوە.

پەیوەندی نێوان کۆمەڵە و رەزا شای پەهلەوی لەدوای راپەڕینی ژینا ئەمینی دروستبوو، بەڵام هێزە کوردییەکانی تر سەرنجیان لەسەر ئەو پەیوەندییە هەیە و بەدروستی نازانن.

ئەگەرچی پەیوەندی نێوان کۆمەڵە و رەزا شا بەرەوپێشچوونی زیاتری بەخۆیەوە نەبینیووە، بەڵام هێشتا پەیوەندییەکە بەردەوامی هەیە و نەپچڕاوە و بنەماکەشی دژایەتی ئێرانە، نەک رێککەوتن لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە لە ئەگەری روودانی گۆڕانکاریدا.


رەزا شا و دۆزی کورد

لایەنە کوردییەکانی تر گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ رەزا شا رەتدەکەنەوە، بەوپێیەی نەوەی محەمەد رەزا شا و رەزا شای باوکە، کە تۆمەتبارن بە لەسێدارەدانی قازی محەمەد و پێشێلکردنی مافەکانی کورد لە ئێران.

لایەنە کوردییەکانی ئێران پێیانوایە، رەزا شای کوڕ هەمان عەقڵیەتی باوباپیرانی بەرامبەر پێکهاتەکانی ئێران هەیە و کارکردن لەگەڵی بۆ دواڕۆژ بێسودە، چونکە هیچ تێڕوانینێکی ئەرێنی بەرامبەر دۆزی کورد دەرنەبڕیووە.

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئێمە تاوانەکانی باوباپیری لەسەر رەزا شا حساب ناکەین، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە خۆشی هەمان عەقڵیەتی بەرامبەر بە پێکهاتەکانی ئێران هەیە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو