لاریجانی لەسەر تەختی دەسەڵات؛ خامنەیی پیاوە متمانەپێکراوەکەی بۆ کاتی جەنگ ئامادە دەکات
٢٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:١٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئاڵنگارییە ناوخۆییەکانیش بەردەوامن، ڕابەری باڵای ئێران پەنای بۆ یەکێک لە دیارترین و بەئەزموونترین پیاوەکانی سیستەمەکەی بردووە.
عەلی لاریجانی، پیاوی قاڵبووی نێو سیاسەتی ئێرانی، ناوی هاتووەتە ناوانەوە بۆ ئەوەی لەکاتی قەیراندا جێگەی ڕابەری باڵا بگرێتەوە.
هەواڵێک لە ئەمەریکاوە
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «نیویۆرک تایمز»ـی ئەمریکی، عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران، عەلی لاریجانی کە یەکێکە لە پیاوە هەرە متمانەپێکراوەکانی، ڕاسپاردووە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات لەحاڵەتی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و بە ئامانجگرتنی خۆی و سەرکردەکانی دیکە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئێران ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان و هەڵکشانێکی مەترسیداری ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووەتەوە، تەنانەت تا ئاستی ئەگەری تیرۆرکردنی سەرکردەکانی لوتکەی دەسەڵات، لە نێویاندا خودی ڕابەری باڵا.
ڕۆژنامەکە لە زاری ٦ بەرپرسی باڵای ئێران، ٣ ئەندامی سوپای پاسداران و چەند دیپلۆماتکارێکی پێشووەوە ئاشکرای کردووە کە لە سەرەتای مانگی یەنایەرەوە، لاریجانی بە کرداری بەڕێوەبردنی دۆسیە سیاسی و ئەمنییە هەستیارەکانی گرتووەتە دەست.
دەرکەوتن و گەشەکردنی ڕۆڵی لاریجانی، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕۆڵ و دەرکەوتنی مەسعود پزیشکیان، سەرکۆماری ئێران. ئێستا لاریجانی لە سەردانە دەرەکییەکان، کۆبوونەوە ئەمنییەکان و چاوپێکەوتنە میدیاییەکاندا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.
لاریجانی؛ قاڵبووی سیاسەت و میمانەپێکراوی "ڕابەر"
عەلی ئەردەشێر لاریجانی، کەسایەتییەکی سیاسیی دیار و قورساییەکی گەورەی ناو سیستەمی کۆماری ئیسلامییە. لە ساڵی ١٩٥٧ لە شاری نەجەف لە عێراق، لە خێزانێکی ئایینی و سیاسی ناسراوی ئێرانی لەدایکبووە.
لاریجانی خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە فەلسەفە لە زانکۆی تاران، گرنگییەکی زۆر بە هزری فەلسەفی بەتایبەت کارەکانی فەیلەسوفی ڕۆژئاوایی (ئیمانوێل کانت) دەدات.
لە ڕووی سیاسییەوە، خێزانەکەی بە "ئەختەبووتی دەسەڵات" لە ئێران ناسراون، چونکە براکانی (سادق، محەمەد جەواد، باقر و فازل) بۆ دەیان ساڵە جومگە سەرەکییەکانی دادوەری، پەرلەمان و دیپلۆماسیەتیان کۆنترۆڵ کردووە.
گرنگترین ئەو پۆستانەی کە لاریجانی لە ڕابردوودا ئیدارەی داون بریتین لە:
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: بۆ ماوەیەکی پێوانەیی (٢٠٠٨ تا ٢٠٢٠)، کە دەیکاتە یەکێک لە درێژترین ماوەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە مێژووی ئێراندا.
سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی: (٢٠٠٥ - ٢٠٠٧)، لەو قۆناغەدا گەورە دانوستانکاری دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بووە.
سەرۆکی دەستەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران: (١٩٩٤ - ٢٠٠٤).
ڕاوێژکاری ڕابەری باڵا: لە قۆناغە جیاوازەکاندا.
سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٤ لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرکۆمار دوورخرایەوە، بەڵام جارێکی تر وەک ئەمیندار و کەسی یەکەمی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی گەڕاوەتەوە بۆ ناوەندی بڕیاردان.
بۆچی عەلی لاریجانی بۆ ئەم ئەرکە دیاریکراوە؟
دیاریکردنی لاریجانی بۆ ئەم ئەرکە قورسە لەم کاتە هەستیارەدا، پەیوەندی بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و هۆکاری ستراتیژییەوە هەیە، لەوانە:
١. پڕاگماتیزم و واقیعبینی سیاسی: لاریجانی سەر بە ڕەوتی پارێزگارانە، بەڵام وەک "پارێزگارێکی میانڕەو و پڕاگماتی" پۆلێن دەکرێت. ئەو باوەڕی بە چارەسەری دیپلۆماسی و دانوستان هەیە لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی کراوە.
ئەم نەرمییەی وایکردووە بتوانێت لەگەڵ باڵی ڕیفۆرمخوازانیشدا (وەک قۆناغی حەسەن ڕۆحانی و ڕێککەوتنی ئەتۆمی) کار بکات و هاوسەنگییەک لە ناوخۆدا دروست بکات.
٢. ئەزموونی قووڵ لە قەیرانەکاندا: لاریجانی پاشخانی سەربازی لە سوپای پاسداران هەیە، لە هەمانکاتدا ئەزموونێکی درێژی لە دیپلۆماسیەت و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت هەیە. ئەمە وایلێدەکات باشترین بژاردە بێت بۆ سەرپەرشتیکردنی ستراتیژییە سەربازی و دیپلۆماسییەکان لە یەک کاتدا.
٣. متمانەی ڕەهای ڕابەری باڵا: لاریجانی وەک "پیاوی ئەرکە سەختەکان"ـی خامنەیی دەناسرێت. متمانەی تەواوی ڕابەری باڵای هەیە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیە ستراتیژییەکانی وەک پەیوەندی لەگەڵ چین و ئێستاش ئاسایشی نەتەوەیی.
٤. پەیامی ڕێگریکردن بۆ دەرەوە:
دانانی کەسایەتییەکی وەک لاریجانی لەم کاتەدا، پەیامێکی ڕوونی ئێرانە بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا؛ بەوەی کە "ئێران خاوەنی میکانیزمی جێگرەوەی بەهێزە و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە توانایاندا هەیە بەردەوام بن، تەنانەت ئەگەر سەرکردە باڵاکانیش بکرێنە ئامانج."
هەروەها پەیامێکیشە کە بڕیار لە ئێراندا هێشتا بەدەست "نوخبە تەقلیدی و سیاسییەکانەوەیە" و تەنها نەکەوتووەتە دەست باڵە سەربازییە توندڕەوەکان.