محەمەد بن سەلمان لەنێو دۆسیەکانی "جێفری ئەپستین"ـدا
٢٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٣٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە و دۆسیە نوێیەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا لەبارەی دۆسیەکانی "جێفری ئەپستین"، ناوی شازادەی جێنشینی سعودیە، محەمەد بن سەلمان، وەک یەکێک لەو کەسایەتییە دیارانە دەرکەوت کە ناوی لەناو نامە و یاداشتەکانی ئەم ملیاردێرە ئەمریکییەدا هاتووە.
ئەپستین کە بەهۆی تاوانەکانی پەیوەست بە بازرگانیکردن بە سێکس و دەستدرێژیکردنە سەر کەسانی خوار تەمەنی یاساییەوە سزادرابوو، پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهاندا هەبووە.
ئەم ڕاپۆرتە، بە پشتبەستن بەو بەڵگەنامە فەرمییانەی کە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە ئاشکرا کراون، تیشکدەخاتە سەر سروشت و قەبارەی ئەو پەیوەندییەی نێوان جێفری ئەپستین و شازادە محەمەد بن سەلمان.
سەردانەکەی ساڵی ٢٠١٦ و دیدارە ڕاستەوخۆکان
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە نزیکەی ٥٨٩ ئیمەیڵ و نامەگۆڕینەوە لەخۆدەگرن، پەیوەندییەکانی ئەپستین بە سعودیە لە ڕێگەی کەسێکەوە بە ناوی "ڕەئفەت سەباغ" دەستیپێکردووە کە دواتر بووە ڕاوێژکار لە دیوانی شاهانەی سعودیە.
لە ١ـی نۆڤەمبەری ٢٠١٦، ئافرەتێک بە ناوی "عەزیزە" بە هاماهەنگی لەگەڵ سەباغ، ئامادەکاریی بۆ سەردانی ئەپستین بۆ سعودیە کردووە. لە ٧ـی هەمان مانگدا، ئەپستین بە فڕۆکە تایبەتەکەی گەشتی بۆ ڕیاز کردووە و لەوێ چاوی بە محەمەد بن سەلمان کەوتووە کە ئەوکات جێگری جێنشین بوو و تەمەنی ٣١ ساڵ بوو و دوو وێنەیان پێکەوە گرتووە.
هەروەها لە ئیمەیڵێکی یاریدەدەرەکەی ئەپستین (لێزلی گرۆڤ) کە هەر لە هەمان مانگدا نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەپستین بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی لەلایەن محەمەد بن سەلمان و ڕەئفەت سەباغەوە پێدراوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی و بێ کێشە بچێتە ناو کونسوڵخانەی سعودیە لە نیویۆرک.
وێنە چوارچێوەکراوەکانی ماڵی ئەپستین
وەک نەریتێک بۆ نیشاندانی هەژموون و کاریگەریی خۆی، جێفری ئەپستین حەزی بە نمایشکردنی وێنەی سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکان بووە لە ماڵەکانیدا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی فراوانی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) و چەند وێنەیەکی بڵاونەکراوەی ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، لە ناو ماڵەکەی ئەپستین لە مانهاتن، دوو وێنەی چوارچێوەکراوی شازادە محەمەد بن سەلمان دانراون، شانبەشانی وێنەی کەسایەتییەکانی تری وەک دۆناڵد ترەمپ.
دیارییە دەگمەنەکان: لە خێمەوە بۆ پۆشاکی کەعبە
یەکێک لە وردەکارییە سەرنجڕاکێشەکانی ناو دۆسیەکان، ئەو دیارییانەیە کە ئەپستین لەدوای سەردانەکەی بۆ سعودیە وەریگرتوون.
لە ئیمەیڵەکاندا ئەپستین باسی لەوە کردووە کە خێمەیەک و چەند فەرشێکی وەک دیاریی لەلایەن بن سەلمانەوە پێگەیشتووە.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بووە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی ٢٠١٧ـدا، سێ پارچە لە "کەسوەی کەعبە" کە پۆشاکی کەعبەی پیرۆزە، نێردراوە بۆ ئەپستین. پۆشاکەکان یەکێکیان لە ناوەوەی کەعبە بووە، دووەمیان پارچەیەک بووە لە پۆشاکی دەرەوە کە پێشتر بەکارهاتووە و سێیەمیان پارچەیەکی نوێ بووە.
ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی ژنە بازرگانێکی ئیماراتی و کەسایەتییەکی سعودیەوە ڕێکخراوە و لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی بەریتانییەوە گەیشتووەتە فلۆریدا.
ئەپستین خۆی وتویەتی کە ئەو پارچانەی وەک فەرش لە ماڵەکەیدا بەکارهێناوە.
چاودێریی سیاسی و دۆسیەی جەمال خاشقچی
بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە ئەپستین بە وردی چاودێریی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سعودیەی کردووە. کاتێک لە ساڵی ٢٠١٧ محەمەد بن سەلمان بوو بە شازادەی جێنشین، ئەپستین پیرۆزبایی لێکراوە بەبۆنەی ئەو وێنانەی پێشتر لەگەڵیدا گرتبووی.
هەروەها لە ساڵی ٢٠١٨، لە گەرمەی قەیرانی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس (جەمال خاشقچی)، لە نامەگۆڕینەوەیەکی نێوان ئەپستین و ئەنەس ڕەشید- وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی کوەیت، ئەپستین وەک بۆچوونی تایبەتی خۆی پێشبینی ئەوەی کردووە کە ڕەنگە سەرۆکی ئیمارات محەمەد بن زاید، بن سەلمانی لەو تاوانەدا تێوەگلاندبێت.
پرسیارە بێ وەڵامەکان
سەرەڕای ئەوەی ئەم دۆسیانە شازادە محەمەد بن سەلمان لە هەر تێوەگلانێکی تاوانکاریی سێکسی بێبەری دەکەن، بەڵام پرسیارێکی گەورە لەسەر خۆی و سیستەمی ئەمنی سعودیە دروست دەکەن.
جێفری ئەپستین لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە بەپێی یاسای "مێگان" وەک تاوانبارێکی سێکسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تۆمارکرابوو. پرسیارەکە لێرەدایە: چۆن لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٦ـدا، ڕێگە بە کەسێکی لەو شێوەیە دراوە بچێتە ناو خاکی سعودیە و چۆن شازادەی جێنشین چاوی پێکەوتووە؟
ئایا پێوەرەکانی ناسین و پشکنینی ئەمنی بۆ میوانە بیانییەکان لەو کاتەدا کەموکوڕییان تێدا بووە، یان نفووزی دارایی و سیاسیی ئەپستین وایکردووە ئەو ڕێکارانە نادیدە بگیرێن؟