مەکسیک لە گێژاوی ئاگر و خوێندا؛ چی لەو وڵاتە دەگوزەرێت؟
٢٣ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٣٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوێنێ وڵاتی مەکسیک پێی نایە قۆناغێکی مەترسیدار و بێپێشینە لە توندوتیژی، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کوژرانی مەترسیدارترین پیاوی مەکسیکیان ڕاگەیاند.
ئەم ڕووداوە وایکردووە وڵاتەکە ببێتە گۆڕەپانی جەنگی سەر شەقامەکان و ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش بخاتە دۆخی ئامادەباشییەوە.
چی دەگوزەرێت؟
لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەواڵی کوژرانی سەرۆکی کارتێلەکە، شەپۆلێکی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوەی وێرانکەر مەکسیکی گرتووەتەوە.
ئەندامانی کارتێلەکە دەستیان کردووە بە ئاگرتێبەردانی ئۆتۆمبێل، پاس و مۆڵە بازرگانییەکان بۆ داخستنی ڕێگا سەرەکییەکان. پرۆسەی خوێندن لە چەندین ویلایەت هەڵوەشاوەتەوە. لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "گوادالاخارا" گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەهۆی هێرشەکانەوە هەڵوەشاونەتەوە و فڕۆکەخانەکە ئێستا لەژێر پاسەوانییەکی توندی سەربازیدا بە پچڕپچڕی کار دەکات.
ئەم دۆخە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر مۆندیالی ٢٠٢٦ دروستکردووە، چونکە شاری گوادالاخارا یەکێکە لە شارە میواندارەکانی پاڵەوانێتییەکە کە تەنها چەند مانگێکی ماوە.
زۆرترین ئاستی توندوتیژییەکان لە ویلایەتی خالیسکۆ (مەڵبەندی سەرەکی کارتێلەکە) چڕبووەتەوە، بەڵام ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە بۆ ویلایەتەکانی میتشواکان، گواناخواتۆ، زاکاتیکاس، تاماولێپاس و نویڤۆ لیۆن.
لە پایتەخت (مەکسیکۆ سیتی)، حکومەت باری لەناکاوی ڕاگەیاندووە و ١٠ هەزار سەربازی هێزی بژاردەی پاسەوانی نیشتمانی بڵاوەپێکردووە بۆ پاراستنی دامەزراوە هەستیارەکان لە ترسی هێرشی تۆڵەسەندنەوە.
لە کاتێکدا ناوچە گەشتیارییەکانی وەک "کانکون" و "تولوم" تا ئێستا پارێزراون، بەڵام ڕێکاری ئەمنی توندیان تێدا گیراوەتەبەر.
هاوکات ئەمریکا و کەنەدا هۆشداری ئاستی چوارەمیان (گەشت مەکەن) بۆ چەند ویلایەتێک دەرکردووە، باڵیۆزخانەی ئەمریکاش داوای لە هاوڵاتیانی کردووە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و گەشتە ئاسمانییەکانیشی بۆ چەند فڕۆکەخانەیەک ڕاگرتووە.
کوژراوەکە کێیە و باکگراوەندی چییە؟
ئەو کەسەی کوژراوە ناوی تەواوی"نێمیسیۆ ئۆسیگێرا سێرڤانتێس"ـە کە لە جیهانی تاوانکاریدا بە "ئێل مینچۆ (El Mencho)" ناسراوە. ئەو سەرۆک و دامەزرێنەری کارتێلی "خاليسكو نەوەی نوێ" (CJNG) بوو و بە "ترسناکترین پیاوی مەکسیک" هەژمار دەکرا.
ئێل مینچۆ لە ڕێکەوتی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦ لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی مەکسیکدا کوژرا. ئەم ئۆپەراسیۆنە بە پشتیوانیی و زانیاریی هەواڵگریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و تیمێکی هاوبەشی دەزگاکانی ئەمریکا ئەنجام درا. بەرپرسانی ئەمریکا کوژرانی ئەم پیاوە بە "پێشهاتێکی گەورە بۆ جیهان" وەسف دەکەن.
پێش کوژرانی، سامانی کەسیی ئێل مینچۆ بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرا. سامانە نایاساییەکەی خێزانەکەی هێندە زەبەلاحە کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥، کاتێک کوڕەکەی لە ئەمریکا حوکم درا، دادگا بڕیاریدا دەست بەسەر ٦ ملیار دۆلار لە داهاتی ماددە هۆشبەرەکانیدا بگرێت.
پێشتر ئەمریکا بڕی ١٥ ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات دیاریکردبوو بۆ هەر کەسێک زانیارییەک بدات کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی، چونکە وەک یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا سەیر دەکرا.
گروپەکەی چییە و بۆچی بە مەترسیدار وەسفدەکرێت؟
گروپەکەی ئەو و هاوشێوەکانیان بە کارتێل ناودەبرێن. کارتێلەکەی ناوی "خاليسكو نەوەی نوێ (CJNG - Cártel de Jalisco Nueva Generación)"یە کە لە ساڵی ٢٠١٠ لە کارتێلی "سینالوا" جیابووەتەوە. ئێستا بەهێزترین، دەوڵەمەندترین و مەترسیدارترین ڕێکخراوی تاوانکارییە لە مەکسیک.
لە ٢٠ـی شوباتی ٢٠٢٥ـەوە، ئەمریکا بە فەرمی ئەم کارتێلەی وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی" ناساندووە و دۆناڵد ترەمپیش بە ڕێکخراوێکی داناوە کە بازرگانی بە "چەکی کۆمەڵکوژ"ـەوە دەکات کە مەبەستی ماددەی هۆشبەری فێنتانیلە.
مەزەندە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن کە کارتێلەکە خاوەنی ١٨,٨٠٠ بۆ ٣٣,٠٠٠ ئەندامی چالاکە. ئەگەر تۆڕە هاوکارە نێودەوڵەتییەکانیشی بۆ زیاد بکرێت، ژمارەکە دەگاتە سەروو ٤٥,٠٠٠ کەس کە لە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهاندا کاردەکەن.
کارتێلەکە زیاتر لە سوپایەک دەچێت نەک گروپێکی مافیایی؛ ئەوان خاوەنی چەکی قورس و زرێپۆش، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی (درۆن) و تیمی کۆماندۆی زۆر پرۆفیشناڵن کە ڕاهێنراون بۆ جەنگی شەقامەکان.
لە ڕووی جوگرافییەوە، بە تەواوی کۆنترۆڵی ویلایەتی خالیسکۆی کردووە و لە ٢٨ ویلایەتی مەکسیک (لە کۆی ٣٢ ویلایەت) باڵادەستە، بێجگە لە هەبوونی شانەی نووستوو لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکا، ئەوروپا و ئاسیا.
ئەم کارتێلە بەرپرسی یەکەمە لە بەرهەمهێنان و قاچاغچێتی ماددەی هۆشبەری (فێنتانیل و میثامفیتامین) بۆ ناو ئەمریکا. بێجگە لەوە، کاری ڕفاندنی هاوڵاتیان و سپیکردنەوەی پارە دەکەن و بە دڕندەیی و بەکارهێنانی توندوتیژیی لەڕادەبەدەر دژی خەڵکی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان، ناسراون.
ئەم کارتێلە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ڕێکخراوە تاوانکارییەکانی جیهان. کۆی سەرمایەکەی لە نێوان ٢٠ بۆ ٥٠ ملیار دۆلاردایە. تەنها لە فرۆشتنی کۆکاین و میثامفیتامین ساڵانە زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلار قازانجی پوخت دەکات.
کارتێلەکە تەنها پشت بە ماددە هۆشبەرەکان نابەستێت، بەڵکو ئیمپراتۆریەتێکی هەمەچەشنەی هەیە کە پێکهاتووە لە: دزینی سووتەمەنی کە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار زیان بە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی مەکسیک دەگەیەنێت. فێڵ و ساختەکاری لە کڕین و فرۆشتنی خانوو و شوقەی گەشتیاری لە هاوڵاتیانی ئەمریکی کە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە. نەوت و کانزا نایاساییەکان کە ملیاران دۆلار لە بازرگانی زێڕ و جیوەی نایاسایی دەردەهێنن.
ئەم هێزە داراییە زەبەلاحە وایکردووە کارتێلەکە بتوانێت چەکی پێشکەوتوو بکڕێت، هەزاران چەکدار دابمەزرێنێت و بەرپرسانی حکومی بکڕێت بۆ بەردەوامیدان بە ئیمپراتۆریەتە خوێناوییەکەی.