ئەمەریکا دەوروبەری ئێران بەهێز دەتەنێت
٢٣ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٥٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئاژانسی هەواڵی میدیا ڵاین لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت بوونی هێزی سەربازی ئەمەریکا لە نزیک ئێران لەچەند هەفتەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بەراوردی دەکات بە بوونی سەربازی ئەمەریکا پێش لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003.
لەئێستادا چوار گروپی هێرشبەری فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکایی یان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر کراون یان بە ڕێگەوەن بۆ ناوچەکە. میدیا ڵاین لە ڕاپۆرتەکەیدا کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی "ئەمە هاوکێشەکە دەگۆڕێت".
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە نزیکەی دەیان کەشتی جەنگی هەڵگری مووشەکی ڕێنماییکراو لە ئاوەکانی دەوروبەری ناوچەکەدا جێگیرکراون. هەندێکیان لە نزیک تەنگەی هورمز و هەندێکی دیکەشیان لە نزیک دەریای سوورن.
ئەمەریکا لە ئێستاوە ئامادەیییەکی زۆری لە ناوچەکەدا هەیە. زیاتر لە 40 هەزار سەرباز لە بنکە و دامەزراوە دەریاییەکان جێگیرکراون، وە بە هاتنی نوێترین کەشتی فڕۆکە هەڵگر، چەند هەزار سەربازی دیکەی زیاد کردووە.
میدیا لاین نووسیویەتی، "فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری دوور مەودای B-52 و فڕۆکەی دزێوی B-2 خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی بەرزترەوە. هەروەها فڕۆکەی جەنگی زیاتر لە جۆری F-22 و F-16 و F-35 جێگیرکراون. ئەمە جگە لەوەی ئاستی هۆشداریەکانیش لە بنکەی ئاسمانی ئەلعودید لە قەتەر بەرزکراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردوەتەوە وێنەی نوێی مانگی دەستکرد و داتاکانی بەدواداچوونی فڕینەکان دەریدەخەن کە بنکەیەک لە ناوەڕاستی ئوردن بووەتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ پلاندانانی سوپای ئەمەریکا بۆ هێرشە ئەگەرییەکان بۆ سەر ئێران.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو وێنانەی ڕۆژی هەینی گیراون زیاتر لە 60 فڕۆکەی هێرشبەر لە بنکەکەدا دەردەکەون، کە نزیکەی سێ ئەوەندەی ژمارەی ئاسایی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەوێیە. لە ڕۆژی یەکشەممەوە لانیکەم 68 فڕۆکەی بارهەڵگر لەو بنکەیە نیشتوونەتەوە و پێدەچێت فڕۆکەی جەنگی زیاتریش لە پەناگەکاندا جێگیر بکرێن."
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەروەها نووسیوێتی، "وێنەکان بوونی فڕۆکەی پێشکەوتووتریش دەردەخەن، لەوانەش فڕۆکەی جەنگی دزێوی F-35، هەروەها چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەلیکۆپتەریش لە وێنەکاندا دەبینرێن، هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی نوێیان داناوە بۆ پاراستنی بنکەکە لە ئەگەری هێرشی مووشەکی ئێرانی."
ڕیچارد کەمپ، فەرماندەی پێشووی سوپای بەریتانیا بە میدیا ڵاینی وتووە، "ئەوەندەی من تێبگەم، ئەمە گەورەترین ئامادەبوونی سەربازییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوەتای ساڵی 2003 و ئەگەری هێرشی سەربازی هەیە. من ناڵێم حەتمییە، بەڵام ئەگەری زۆرە."
وتیشی، "پێویستە ڕێکخستنی سەربازی ئێستا لە دوو ڕووەوە سەیر بکرێت، بەشێک ئەوەیە کە پێویستە بۆ ئەوەی زیانێکی ڕاستەقینە بە ئێران بگەیەنێت و ڕژێمەکە بڕووخێنێت و ئەو پێکهاتە سەرەکییەکانەی کە دژی وڵاتانی دیکە بە تایبەتی ئیسرائیل بەکاردەهێنرێن، لەناوی ببەن و بەشی دووەمیش بۆ بەرگرییە."
کەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا ڵاین ڕایگەیاندووە لە ئەگەری هەنگاوی سەربازی دژی ئێران، لەوانەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سەر بە ڕژێم بە مووشەک هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا کە لە کەنداو جێگیرکراون، بە قەتەریشەوە. هەروەها سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش تووشی زیان دەبن و بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل دەبێتە ئامانجی سەرەکی تۆڵەسەندنەوەی ئێران.
وتیشی، "هاوکات ئەگەری کردەوە دژی هێزەکانی سەر بە ئێران لەئارادایە و ئەمەریکا دەبێت پێش لێدانی ئێران یان هاوکاتی، مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزانەش بکات و ئێمە باس لە هێرشێکی زۆر فراوانتر دەکەین."
کەمپ جەختی لەوە کردەوە کە بڵاوەپێکردنی بەرفراوانی ئەم هێزانە "بۆ نمایشکردن نییە" و مەبەست لێی ئەوە نییە کە تەنیا هێرشێکی ڕەمزی بێت. ناوبراو لە لێدوانەکەیدا بۆ میدیا ڵاین وتی، "پێویستە زیانێکی تەواو بە ڕژێم بگەیەنرێت؛ نەک هێرشێکی ڕەمزی."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند بیر لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی سنووردار دەکاتەوە بۆ گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
سەرۆکی ئەمەریکا وردەکارییەکانی ئەو کارە ئەگەرییە و ماوەکەی نەخستەڕوو.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە حکومەتی ئێران کرد کە لە ماوەی 10 بۆ 15 ڕۆژدا لەگەڵ واشنتن بگەنە "رێککەوتنێکی مانادار" و هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت ئەوا "شتی خراپ" بەسەر کۆماری ئیسلامیدا دێت.