مالیکی: ئەمەریکا دەیەوێت نوێنەری میلیشیا شیعەکان لە حکومەتی عێراق دا بوونی نەبێت
٢٣ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناکشێتەوە و پەیامەکانی ئەمەریکا تایبەتن بە عێراق نەک خودی مالیکی.
نوری مالیکی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فرانس پرێس، رایگەیاند: دەیەوێت چەک لە دەستی دەوڵەت و لەژێر یەک ناوەنددا بێت، هەروەها سوپاش لەژێر یەک فەرماندەیی و لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت.
وتیشی: بردنە دەرەوەی نەوت و دۆلار رەتدەکەینەوە، دەمانەوێت عێراق بەڕووی دونیادا کراوە بێت.
بەپێی وتەی مالیکی، هێزەکانی ئەمەریکا بەبێدەنگی و لەچوارچێوەی رێزگرتن دا لە عێراق کشاونەتەوە، بوونی پەیوەندیی لەگەڵ ئەمەریکا بۆ عێراق گرنگە، هەروەک چۆن دەبێت پەیوەندیشیان لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بێت.
مالیکی دەڵێت: قەبوڵ ناکەین لەهیچ وڵاتێکدا دەستوەردان لەعێراق بکات، واشنتۆنیش دەیەوێت حکومەتی داهاتووی عێراق نوێنەری چەکدارەکانی تێدا نەبێت، بەڵکو حکومەتێکی مەدەنی بێت نەک سەربازی.